بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی هەواڵیی “میزان”، سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەدانی مێهرداد محەمەدینیا، کوڕی مەحرەم، و ئەشکان مالیکی، کوڕی عەلی، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەستبەسەر کرابوون و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی “موحارەبە” (دژایەتیی خودا) سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.
میزان بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم دوو بەندکراوە دەستیان هەبووە لە ئاگرتێبەردانی مزگەوتی جەعفەری لە گەڕەکی گیشای تاران و سزاکەیان دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە جێبەجێ کراوە. ئەم بانگەشانە، سەرەڕای پشتبەستنیان بە “دانپێدانانەکان” و ئەو وێنانەی ئیدعایان لەسەر دەکرێت، ناتوانن ببنە جێگرەوەی دادگاییکردنێکی ڕوون، ئاشکرا، سەربەخۆ و گونجاو لەگەڵ پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، مێهرداد محەمەدینیا و ئەشکان مالیکی بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵە و پارێزەرەکانیان و لە دۆخێکی ناڕووندا لەسێدارە دراون. لە درێژەی پرۆسەی دەستبەسەرکردن، لێکۆڵینەوە و پێڕاگەیشتنی دادوەریشدا، نیگەرانیی جیددی لەسەر بێبەشکردنیان لە پارێزەری دڵخوازی خۆیان، وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا، و پێشێلکردنی بنەڕەتیی مافی بەرگری لەخۆکردن لەئارادا بووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جێبەجێکردنی ئەم سزایانە بە توندی سەرکۆنە دەکات و بە نموونەیەکی ئاشکرای سەندنەوەی سەرەڕۆیانەی مافی ژیان و بەکارهێنانی ئامرازییانەی سزای سێدارە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دژی بەندکراوانی سیاسی، بەتایبەت هاووڵاتییانی کورد، دەزانێت. کۆماری ئیسلامی لە دۆخی قەیرانی پەرەسەندووی شەرعییەت، قەیرانی ئابووری و دەرهاوێشتە سیاسی و ئەمنییەکانی دوای شەڕدا، سێدارەدانی کردووەتە بەشێک لە سیاسەتی سزادانی مانەوەی خۆی؛ سیاسەتێک کە ئامانجەکەی نە جێبەجێکردنی دادپەروەری، بەڵکوو دروستکردنی ترس، سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی ناڕازی و تۆڵەسەندنەوەی سیاسییە لەو گرووپانەی پەراوێز خراون.
هانا جەخت دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە دۆسیەیەکی شێوێندراو بە ناڕوونی، ئەشکەنجە، دانپێدانانی زۆرەملێ، بێبەشکردن لە پارێزەر و نەبوونی شەفافیەتی دادوەری، پێشێلکردنی ئاشکرای پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بواری مافی ژیان، قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزاکانی سێدارە، هەڵوەشاندنەوەی سزای دەرچوو لە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکاندا، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر پرۆسەی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی ئەم دوو بەندکراوە، و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی دادوەری و ئەمنیی بەرپرسیار لەم دۆسیەیەدا دەکات.
