بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی سێشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، «مەنیژە خۆشنوود»، هاووڵاتیی تەمەن ٥٨ ساڵی خەڵکی بوکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، ئەم هاووڵاتییە پێشتریش چەندین جار ئەزموونی دەستبەسەرکرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەبووە. سەرەڕای ئەوەش، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.
دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پرۆسەی دەستبەسەرکردنی ژنانی تەمەن مامناوەند لە بوکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە زیادی کردووە.
