ڕەسووڵ یادیار بە دانانی بارمتەی ٦ ملیار تمەنی لە زیندانی ناوەندیی بوکان ئازاد کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە ڕۆژی شەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، «ڕەسووڵ یادیار» دوای ماوەیەک دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٦ ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی بوکان ئازاد کرا.
ڕەسووڵ یادیار، تەمەن ٣٠ ساڵ، خێزاندار، خەڵکی گوندی «گوێکتەپەی سیمینە» و نیشتەجێی گوندی «ناچیت»ی سەر بە شاری بوکان، پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترابووەوە.
هانا پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەریدا، کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیی لێکۆڵەرەکان و لە ئەنجامدا لوتی شکاوە و زیان بە شەویلکە و ددانەکانی گەیشتووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕەسووڵ یادیار لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا کاتی گواستنەوەی بۆ زیندانی ناوەندی، لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
شایانی باسە، ڕەسووڵ یادیار ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نواندنی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین