تێکچوونی باری تەندروستیی شلێر مام‌قادری لەژێر ئەشکەنجەدا و زیادبوونی نیگەرانییەکان

بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگ و نیوێک بەسەر دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیی «شلێر مام‌قادری»، ژنە هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی مەهاباد، نیگەرانییەکان دەربارەی دۆخی جەستەیی و تەندروستیی ناوبراو بە توندی زیادی کردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شلێر مام‌قادری بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی کە دەرەنجامی ئەشکەنجەی توند بووە، لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام دراوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئاستی ئەو ئازار و ئەشکەنجەیەی دراوە، بووەتە هۆی شکانی ئێسک و خوێنبەربوونی ناوخۆیی.

سەرەڕای پێویستیی بەردەوامیی چارەسەر و چاودێریی پزیشکی، هێزە ئەمنییەکان ناوبراویان پێش تەواوبوونی قۆناغەکانی چارەسەر، بۆ زیندانی ورمێ گەڕاندووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە کوردە، پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ «بنەماڵە دادخوازەکان» لە شاری مەهاباد ڕاگەیەندراوە.

شلێر مام‌قادری سەرەڕای ئەوەی تووشبووی نەخۆشیی «شێرپەنجە» یە و ئەرکی سەرپەرشتیاریکردنی دوو منداڵی لەسەر شانە، هێشتا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکانی بێبەش کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە ئەشکەنجەدان و بێبەشکردنی ئەم بەندکراوە لە چارەسەری پزیشکی ڕادەگەیەنێت و داوا دەکات دەستبەجێ ئازاد بکرێت و دۆخی تەندروستیی گەرەنتی بکرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین