بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بيهزاد ڕەسوولی، تەمەن٤٣ ساڵ ، خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی قازی «جەواد غەفاری»، بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران» بە ٨ ساڵ زیندان سزا دراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بێهزاد ڕەسوولی ئێستا لە زیندانی ناوەندی سەقز دەستبەسەرە.
بێهزاد ڕەسوولی، دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئێران،٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کاتێ بۆ دیداری منداڵەکەی دەچێ بۆ ئیسفەهان ، لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر دەکرێ. دوای دەستبەسەرکردن گواسترایەوە بۆ گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز و دوای نزیکەی سێ مانگ لێکۆڵینە و نادیاری چارەنووس، بۆ زیندانی ناوەندی ئەم شارە گواسترایەوە.
ناوبراو پێشتر ناڕەزایی خۆی بەرامبەر دەستبەسەرکردنی نادادپەروەرانە و دۆخی یاساییی،بە مانگرتن لە خواردن دەست پێکردبوو. ئەم مانگرتنە ٧٠ ڕۆژەیە، بوو بە هۆکاری تێکچوونی قورسی دۆخی جەستەیی و گواستنەوەی بەپەڵەی بۆ ناوەندە پزشکیەکان لە دەرەوەی زیندان.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی زیاتر سەبارەت بە وردەکارییەکانی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی دۆسیە و دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییە لە دوای مانگرتنی خواردنی درێژخایەن بەردەست نییە.
