حکوومەتی مەرگ لە بەردەم مافی زانیندا؛ ئازادیی چاپەمەنی لە چنگی سانسۆر، سەرکوت و پچڕانی ئینتەرنێتدا
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە بۆنەی سێی مەی، ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنی، جەخت لەسەر پێگەی بنەڕەتیی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی میدیا و دەستڕەسیی ئازاد بە زانیارییەکان دەکاتەوە. ئازادیی چاپەمەنی تەنیا مافی ڕۆژنامەنووس بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ نییە؛ بەڵکوو شێوەیەکی دامەزراوەیی مافی کۆمەڵگەیە بۆ زانین، چاودێریکردنی دەسەڵات، دۆزینەوەی ڕاستی و دادخوازی. کۆمەڵگەیەک کە میدیای ئازادی نەبێت، لە بەرامبەر گەندەڵی، توندوتیژیی دەوڵەتی، هەڵاواردن و سەرکوتدا بێبەرگری دەمێنێتەوە.
لە کۆماری ئیسلامیدا، ئازادیی چاپەمەنی نەک هەر سنووردار، بەڵکوو بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت کراوە. میدیای سەربەخۆ وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی سەیر دەکرێت و ڕۆژنامەنووس، نووسەر و هاووڵاتی-ڕۆژنامەنووس بە تۆمەتگەلێکی وەک «پڕوپاگەندە دژی نیزام»، «بڵاوکردنەوەی درۆ»، «شێواندنی بیروڕای گشتی» و «هاوکاری لەگەڵ دوژمن» دەکرێنە ئامانجی ڕاوەدوونان، دەستبەسەرکردن، هەڕەشە، دوورخستنەوە و سڕینەوە. لە پێکهاتەیەکی وەهادا، هەواڵ دەبێتە تاوان و ڕاستی لەگەڵ دەزگای ئەمنی و دادوەریدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
هانا جەخت دەکاتەوە کە دەستڕەسیی ئازاد، ئەمن و یەکسان بۆ ئینتەرنێت یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی مافی زانین و مەرجێکی ڕاستەقینەی ئازادیی چاپەمەنی لە سەردەمی ئێستادایە. پچڕان و سنووردارکردنی درێژخایەنی ئینتەرنێت لە ئێران، تەنیا تێکدانی پەیوەندییەکان نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکی ڕێکخراوە بۆ دابڕانی کۆمەڵگە لە ڕاستی، ڕێگریکردن لە بەدۆکۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، کپکردنی دەنگی قوربانیان و پچڕانی پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ جیهان.
کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە میدیای ئازاد و ئینتەرنێتی ئازاد، ئەشکەنجە، گەندەڵی، سێدارە و سەرکوت لە تاریکی دەهێنێتە دەرێ و هەڵاواردنی سیستماتیک دژی ژنان، کەمینە نەتەوەیی، ئەتنیکی، زمانەوانی، ئایینی، مەزهەبی، ڕەگەزی و جێندەرییەکان، کرێکاران، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵە دادخوازەکان دەخاتە بەردەم ویژدانی گشتی. هەر بۆیە، دوژمنایەتی حکوومەت لەگەڵ چاپەمەنی ئازاد و ئینتەرنێتی ئازاد، لە ڕاستیدا دوژمنایەتییە لەگەڵ هۆشیاری، وەڵامدەرەوەبوون و مافی بنەڕەتیی خەڵک بۆ زانین.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، هیچ حکوومەتێک مافی ئەوەی نییە بە بیانووی ئاسایشی نەتەوەیی، ڕێکخستنی گشتی یان بەرژەوەندیی سیاسی، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی میدیا و دەستڕەسیی خەڵک بە ئینتەرنێتی ئازاد لە بنەڕەتەوە لەناو ببات. هەر جۆرە سنووردارکردنێک لەسەر دەربڕین و پەیوەندییەکان دەبێ تایبەت، یاسایی، پێویست، گونجاو و لەژێر چاودێریی مەرجەعێکی دادوەریی سەربەخۆدا بێت. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا بنەما لەسەر سەرکوتە و ئازادی بۆ پرسێکی مەرجدار، نائەمن و کاتی، کەم کراوەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەرکوتی سیستماتیکی میدیاکان، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، چالاکانی میدیایی و هاووڵاتی-ڕۆژنامەنووسان بە توندی ئیدانە دەکات و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە بەهۆی دەربڕین، ڕاپۆرتدان یان بەرگریکردن لە مافی کۆمەڵگە بۆ زانین، دەستبەسەر، مەحکووم، هەڕەشە لێکراو یان ناچار بە بێدەنگی کراون.
هانا هەروەها داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێ بە سانسۆر و فلتەرینگ، لابردنی سنووردارکردنی ئینتەرنێت، هەڵوەشاندنەوەی یاسا ناڕوون و ئەمنییەکان دژی میدیاکان، زامنکردنی سەربەخۆیی میدیاکان، پشتگیریی کاریگەر لە ئەمنییەتی ڕۆژنامەنووسان و لێپرسینەوە لەو بەرپرسانە دەکات کە دەستیان هەبووە لە سەرکوتی ئازادیی چاپەمەنی و بێبەشکردنی خەڵک لە مافی زانین.
ئازادیی چاپەمەنی ئیمتیازی حکوومەت نییە؛ مافی خەڵکە. تا ئەو کاتەی لە ئێراندا ڕاستی تاوان بێت، ڕۆژنامەنووس تۆمەتبار بێت و ئینتەرنێت ئامرازی کۆنترۆڵی ئەمنی بێت، قسەکردن لە دادپەروەری، یاسا و وەڵامدەرەوەبوون بێمانایە.




