دوو زیندانی سیاسی لە ئێران بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی موجاهدینی خەڵک لە سێدارە دران


بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕادیۆ فەردا بڵاویان کردۆتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، دوو زیندانی سیاسی لە ئێران لە سێدارە دراون.
ناسنامەی ئەو دوو زیندانییە بە ناوەکانی “ئەکبەر دانشوەرکار” و “محەممەد تاغاوی سەنگدەهی” ڕاگەیەندرا. ئەم کەسانە پێشتر بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک و بەشداریکردن لە بەناو “چەند کردەوەی تیرۆریستی”دا سزا دراون، ئەو تۆمەتانە کە هەمیشە پڕ بوون لە ناڕوونیی جددی. سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو کەسە لەگەڵ چوار زیندانی دیکە (بابەک عەلیپوور، پویا قوبادی بیستونی، وەحید بەنی-ئاماریان، و ئەبۆحەسەن مۆنتەزێری) لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٣ ، دەرچووە.
مای ساتۆ، پەیامنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر هۆشداری دابوو لە نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەم کەیسانەدا، لەوانە ئەشکەنجەدان بۆ دەرهێنانی دانپێدانان و دەستنەکەوتنی پارێزەر.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە ئیدانەکردنی ئەم کارە، نیگەرانیی جیددی سەبارەت بە درێژەی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە ئێراندا دەردەبڕێت و جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بە تایبەتی لە چوارچێوەی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان دەکاتەوە. هەروەها ڕێکخراوەکە داوای ڕاگرتنی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و گەرەنتیکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی دادوەریدا دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین