بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: سیروان میکائیلی تەمەن ٤٠ ساڵ، چالاکی مافی مرۆڤ و خەڵکی سنە، لە ڕێگای ئەورووپا لە تورکیا دەستبەسەر و لە ئێستادا لە کەمپی دیپۆرتی ئاغری ڕاگیراوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لایەن “کۆمەڵەی پەنابەرانی ئێرانی لە سلێمانی عێراق” پشتڕاست کراوەتەوە، سیروان میکائیلی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بزوتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەهۆی چالاکییەکانی مافی مرۆڤ و پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان، کەوتووەتە ژێر پێگردی دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەم فشارانە وای لێکردووە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەجێبهێڵێت و پەنابەرێتە هەرێمی کوردستانی عێراق
لە هەرێمی کوردستانیش ناوبراو ڕووبەڕووی فشار و هەڕەشەی بەردەوامی پەیوەست بە حکوومەتی ئێران بووەتەوە و لە ئەنجامدا لە پێناو پاراستنی سەلامەتی خۆی، ئەم ناوچەیەی بەجێهێشتووە و درێژە بە ڕێبازی کۆچبەری خۆی داوە.
دەستگیرکردنی ئەم چالاکی مافی مرۆڤە لە تورکیا و گواستنەوەی بۆ کەمپی دیپۆرتی ئاغری نیگەرانی جیددی لە ئەگەری گەڕانەوەی بە زۆرەملێ بۆ ئێران دروست کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە لەبەرچاوگرتنی تۆماری چالاکییەکانی مافی مرۆڤ و مەترسییە بەڵگەدارەکان، گەڕانەوەی بەڕێز میکایلی دەتوانێت ناوبراو بخاتە بەردەم پێشێلکارییە جددییەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە، ئەشکەنجەدان یان مامەڵەی نامرۆڤانەی دیکە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵ لە دۆخی سیروان میکائیلی، داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات، بە پابەندبوون بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانیان، خۆیان لە هەر کارێک بۆ گەڕاندنەوەی زۆرەملێ بەدوور بگرن و دەستڕاگەیشتن بە ڕێکارێکی دادپەروەرانەی پەنابەری و پاراستنی یاسایی بۆ دابین بکەن.
هەروەها داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت کە بەپەلە لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە بکەن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ گەرەنتیکردنی سەلامەتی و مافە بنەڕەتییەکانی.
