ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە درێژەی ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانی دۆخی شەڕ لە شارەکانی کوردستان، بە پشتبەستن بە سەرچاوە مەیدانییەکانی لە دۆخێکدا کە پەککەوتنی بەربڵاو یان پەکخستنی پەیوەندییەکان و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری سەربەخۆ بەردەوامە، ڕاپۆرتێکی تایبەت لە بارو دۆخی شاری دیواندەرە بڵاودەکاتەوە.
بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی مەیدانی، دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان لە دیواندەرە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەشوهەوای ئەو شارە بە قورسی میلیتاریزە کراوە و بەشێک لە ڕێگاکانی بەرەو ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان گیراون، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی جووڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و ناچارن ڕێگای درێژتر بەکاربهێنن.
لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە یەکەم هێرش بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان ژمارەیەک شارۆمەندی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون. هەرچەندە تا ئێستا هیچ ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکان نییە، بەڵام سنووردارکردنی توندی دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوە پزیشکییەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەمنی نەخۆشخان وایکردووە تۆمارکردنی ئامارەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ قورس بێت.
لە کاتی هێرش و بۆردومانەکاندا، بەشێک لە خانووەکانی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە و ژمارەیەک خێزان ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. هەندێکیان پەنایان بردووە بۆ گوندەکانی نزیک و هەندێکیشیان بەشێوەیەکی کاتی لە ماڵی خزم و کەسوکارەکانیان نیشتەجێ بوون. هەروەها ئەو خێزانانەی کە لە نزیک ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان دەژین، بە هۆی نیگەرانییەکانیان لە بەردەوامی هێرشەکان، ماڵەکانیان جێهێشتووە.
لە بواری بژێوی ژیاندا، داتای مەیدانی ئاماژە بە چڕبوونەوەی بەرچاوی فشاری ئابووری دەکەن. هەرچەندە بازاڕ بەتەواوی دانەخراوە، بەڵام چالاکییە ئابوورییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینیان بەخۆوە بینیوە، بازاڕ بە کردەوە لە شەودا داخراوە، بوونی شارۆمەندان سنووردارە، گرنگیی سەرەکی بازرگانیش لەسەر کەلوپەلی سەرەتایی و خۆراکە.
بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ماوەیەکی کورتدا گەیشتووەتە ڕێژەیەکی بێ وێنە. نرخی زەیتی خواردن لە 20 هەزار تمەنەوە بۆ 200 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە، نرخی گۆشتی سور بۆ 1,700 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە، مریشکیش گەیشتووەتە 285 هەزار تمەن. هەروەها تێچووی ئاو و کارەبا و غازیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەم ڕەوتە توانای کڕینی بەشێکی زۆری شارۆمەندانی بە شێوەیەکی زۆر لاواز کردووە.
لە ڕووی ئەمنییەوە، بەدواداچوونە مەیدانییەکانی هانا دەریدەخات کە شێوازی جێگیرکردنی هێزەکانی حکوومەت لە دیواندەرە گۆڕاوە و هێزە چەکدارەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ناوەندە مەدەنییەکان بۆ جێگیرکردنیان کەڵک وەردەگرن. بەشێک لە هێزەکان باڵەخانە ئیداری و گشتیەکان بەکاردەهێنن، لەوانە جیهادى کشاوەرزی، کومیتەی ئیماداد، قوتابخانەکان، و بەشەناوخۆییەکانی کچان و کوڕان، شوێنگەلێک کە لەسەر فەرمانی دامەزراوە ئەمنییەکان چۆڵکراون.
لە هەمان کاتدا هێزە چەکدارەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری دەستنیشانکردنیان ئۆتۆمبێل بە تابلۆی کەسییەوە بەکاردەهێنن و باس لەوەش کراوە کە بەشێک لە فەرماندەکان بە جلوبەرگی مەدەنی و جلوبەرگی کوردییەوە بەناو شاردا دەسوڕێنەوە. ئۆتۆمبێلەکانی سەر بە هێزە سەربازییەکان کە پێشتر تابلۆی ڕێکخراوەیییان هەبوو، ئێستا لە دەوروبەری شارەکەدا بە تابلۆی کەسییەوە دەبینرێن.
هەروەها زانیارییە بەردەستەکان دەریدەخەن کە بەشێک لە هێزە جێگیرکراوەکان، بەهۆی نیگەرانییەکان لە بەئامانجگرتنی ناوەندە جێگیرەکان، لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا جێگیرکراون و لە هەمان شوێن دەژین و بەردەوام شوێنەکانیان دەگۆڕن.
لە زۆر شوێن خاڵی پشکنینی جێگیر کۆکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئاگاداری ئەمنی وەربگیرێت، بە شێوەیەکی کاتی دووبارە دادەمەزرێنەوە.
لە بواری کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیدا، ڕێژیم لە ڕێگەی ناردنی نامەی کورتی هەڕەشەئامێزی بەربڵاوەوە هەوڵی گوشار خستنە سەر خەڵک داوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕۆژانە لەنێوان 10 بۆ 15 نامەی کورت بۆ خەڵک دەنێردرێت، کە هەندێکیان ئیدیعای پڕوپاگەندە و ئاماری پشتڕاستنەکراوی تێدایە سەبارەت بە پێشهاتەکانی جەنگ و هەندێکی تریش هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تێدایە دژی هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
لەم پەیامانەدا هەر هاوکارییەکی میدیایی یان ڕاپۆرتێکی سەربەخۆ لەگەڵ تۆمەتی ئەمنیدایە و هەڕەشەی سزای توند، لەوانەش لەسێدارەدان، بە ئاشکرا دەوروژێنرێت.
سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم دۆخە بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی بێمتمانەیی و ترس لە کارلێکی ڕۆژانەی نێوان شارۆمەنداندا.
لە ڕوانگەی دەروونییەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان و منداڵان بەهۆی بۆردومانەکە و دۆخی ئەمنی و نادڵنیایی گشتییەوە زۆرترین گوشاریان لە سەرە. لە هەمان کاتدا سەرچاوە ناوخۆییەکان نیشانەکانی فشاری دەروونی لە نێوان هەندێک لە هێزەکانی سەر بە حکومەتدا باس دەکەن.
نەخۆشخانەکان و بەشی فریاکەوتن لە کاتە جیاوازەکاندا خراونەتە ژێر کۆنترۆڵی توندی ئەمنی و لە کاتی هێرشەکاندا چوونە ژوورەوەی نەخۆشە ئاساییەکان بۆ هەندێک بەشی پزیشکی سنووردار کراوە یان وەستاوە، ئەمەش نیگەرانییەکی جددی سەبارەت بە مافی شارۆمەندان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە فریاگوزاریەکان دروستکردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای هۆشداری لە پەرەسەندنی لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانی دۆخی ئێستای دیواندەرە، داوای گرنگیدانی بەپەلە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە دۆخی خەڵکی مەدەنی و پاراستنی ناوەندە مەدەنییەکان و گەرەنتی دەستڕاگەیشتن بە ئازادانەی شارۆمەندان بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکات. هانا بە توندی ئیدانەی خراپ بەکارهێنانی ئیمکاناتە مەدەنییەکان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات کە ژیانی خەڵکی مەدەنی بە شێوەیەکی جددی دەخاتە مەترسییەوە.
