بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی ئارمان خالق پەنا خەڵکی شاری سەقز، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک شاری بانە گیانی لە دەستداوە و سێ شارۆمەندی دیکەش دەستبەسەر کراون.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سوپای پاسداران دوای گەمارۆدانی ئۆتۆمبێلی ئەم شارۆمەندە تەقەیان لێکردووە کە لە ئەنجامدا ئارمان خالق پەنا شۆفیری ئۆتۆمبێلەکە کوژراوە و هاوکات سێ سەرنشینی ئەم ئۆتۆمبێلە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا مێهرجو، زیندانی سیاسی پێشوو، شەیخ زاهد شەهابی و سالار ئازەر، خەڵکی سەقز، بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
ئەم سەرچاوەیە ئەوەشەی خستەڕوو کە تا ئێستا تەرمی ئارمان خالق پەنا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
شایانی باسە، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە سەر شوێنی ڕاگیرانی و بارودۆخی جەستەیی ئەم سێ شارۆمەندە هیچ جۆرە زانیاریەک لە بەردەستدا نیە.
