رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕایدەگەینێت کە تا ساتی ئامادەکرانی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ٢٥ کەسی سڤیلی کورد کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەم دواییانە گیانیان لە دەستداوە، لە لایەن رێکخراوەکەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
لە ڕوانگەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییەوە مافی ژیان مافێکی بنەڕەتی و ناکرێت دەستی بە سەردا بگیرێت. بەگوێرەی ماددەی شەشەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، دەوڵەتان پێویستە نەک تەنها خۆیان لە زەوتکردنی ژیان بە شێوەی سەرەڕۆیانە بەدوور بگرن، بەڵکو پێویستە بۆ پاراستنی گیانی ئەو کەسانەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندان ڕێوشوێنی کاریگەر بگرنەبەر. ئەم پابەندبوونە لە کاتی قەیران، ململانێ، یان بارودۆخی مەترسیداردا قورسایی زیاتری دەبێت، حکومەت پابەند دەکات بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی گونجاو و بەردەست بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان بۆ سەر شارۆمەندانی مەدەنی.
بەدواداچوونەکانی هانا دەریدەخەن کە گیانلەدەستدانەکان تەنها لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە نەبوونی ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پشتیوانییەوە بۆ پاراستنی شارۆمەندانی مەدەنی هەیە. نەبوونی پەناگەی ستاندارد، نەبوونی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، نەبوونی میکانیزمی چۆڵکردنی بەپەلە و کەموکوڕییە گەورەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان هەموویان ئاماژەن بۆ شکستی پێکهاتەیی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە جێبەجێکردنی پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ژیانی خەڵکی مەدەنی.
لە کاتێکدا کە سامانی گشتی وڵات بۆ چەندین ساڵە بۆ بەرنامە سەربازی و ئەمنییەکان خەرج دەکرێت، بەشێکی زۆری دانیشتوانی مەدەنی لە شارەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون بێبەش کراون لە سەرەتاییترین ژێرخانی پاراستن لە بارودۆخی نائاساییدا. لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا پرەنسیپی بنەڕەتی هەیە کە ململانێی چەکداری بەڕێوەدەبات، لەوانە جیاکردنەوەی ئامانجی سەربازی و مەدەنی، پرەنسیپی خۆپارێزی لە هێرشدا، هەروەها قەدەغەکردنی هێرشی بێ جیاوازی یان ناڕێژەیی، کە ئامانجیان کەمترین زیانە بۆ دانیشتوانی مەدەنی. لەم جۆرە بارودۆخانەدا، هەر سیاسەتێک، کردارێک یان نەهێشتنێک کە لە ڕاستیدا خەڵکی مەدەنی بەرەوڕووی مەترسییەکی پێشبینیکراوی مردن یان برینداربوون دەبێتەوە، دەبێت لە ژێر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی و پابەندبوونەکانی پاراستنی دەوڵەتدا هەڵسەنگێندرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرکەوتنی کۆمەڵگا بە دەرئەنجامەکانی ململانێیەکی تێچووناوی و کوشندە، بەبێ دابینکردنی کەمترین میکانیزم بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی، تەنیا ناکارامەیییەکی جێبەجێکردن نییە، بەڵکو دەتوانێت نموونەیەک بێت لە پێشێلکردنی ئەرکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت بەرامبەر بە مافی ژیان و ئاسایشی کەسی و کەرامەتی مرۆیی هاووڵاتیان. خەڵک هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە بڕیاردانی ئەو بڕیارە سیاسی و ئەمنییانەی کە بەرەوڕووی ئەو مەترسیانە بوون، بەڵام بە گیان و تەندروستی خۆیان قورسترین باجیان داوە.
بە لەبەرچاوگرتنی باری یاسایی ڕابردوو، ناوی ئەو شارۆمەندە سڤیلانەی تا ئێستا دەستنیشانکراون بەم شێوەیەن:
١.شایان مام سەلیمی، تەمەن ١٥ ساڵ، بۆکان
٢. پەیمان عرفانی تەمەن ٣٠ ساڵ، بۆکان
٣. ئەردەڵان پاکدڵ تەمەن ٢١ ساڵ، بۆکان
٤. نەبی غوڵامی، کامێران
٥. بەهرام قەسری، سنە
٦. جەماڵ قادری، سەوڵاوا
٧. ئەبوبەکر عەلیزادە، تەمەن ٦٣ ساڵ، نەغەدە
٨. شاهۆ بەهرامی، دزڵی سەوڵاوا
٩.موحسێن زەمانی، دزڵی سەوڵاوا
١٠. هەستی محەمەدی، تەمەن ١٦ ساڵ، روانسەر
١١. ماهان زارعی، تەمەن ١٤ ساڵ، کامێران
١٢. فەردین داربوی، مەریوان
١٣. سەمیرا شەریفی، دیواندەرە
١٤. فەرەیدوون ئەمینی، دیواندەرە
١٥. حامد سەعیدی، دیواندەرە
١٦. سولەیمان مەلاوەیسە، دیواندەرە
١٧. فەرناز رەشید پور، دیواندەرە
١٨.بەهرام سەیدی تەنها، سەلاسی باوەجانی
١٩. ئەسعەد محەمەدی تەمەن ٦٠ ساڵ، پاوە
٢٠. میترا جیلاوی، مەریوان
٢١. فەرزاد بازرگان، ٣٤ ساڵان، مەریوان
٢٢.کارزان بازرگان، تەمەن ٤ ساڵ، مەریوان
٢٣. ئەبوبەکر موغمی، مەهاباد
٢٤. محەمەد عەلی جەوانمەرد، شملکان ورمێ
٢٥. نیعمەت شەمسی پور، شملکان ورمێ
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەردەوام لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتە زیادەکان دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نالەباری بەشێک لە بریندارەکان و بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکان، پێدەچێت ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە. هانا بەردەوامە لە بەڵگەنامەکردن، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر پێویستی لێپرسینەوە، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و دەستبەجێ و ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ پاراستنی شارۆمەندانی مەدەنی دەکاتەوە.
