بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مروڤی هانا: زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ بە سەر کاتی دەستبەسەر کردنی شارۆمەندێکی کورد بە ناوی پەیمان رەحمانی خەڵکی شاری کامێران تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا چارەنوس و بارودۆخی نادیارە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هانای ڕاگەیاند، پەیمان رەحمانی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد، پەیمان رەحمانی چەند ڕۆژێک دوای خۆپێشاندانەکانی ١٨ی بەفرانبار لە شاری کامێران لە دۆخێکدا کە بە تەقەی هێزە سەرکوتگەرەکان بە فیشەکی ساچمەیی بریندار بووە بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە سەر شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی جەستەیی ئەو لە بەردەستدا نیە.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد، ناوبراو لە ڕۆژانی سەرەتای دەستبەسەرکرانی توانیویەتی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی کورت ماوە لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام بدات و لەو کاتەوە هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگادار بوونیان لە بارودۆخی ئەو هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
شایانی باسە، بەردەوامی ئەم دۆخە، بە نمونەی ڕوونی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ دادەنرێت و نیگەرانیەکان لە سەر ئەگەری ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافەکانی ئەم شارۆمەندە زیاد دەکات.
