بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، برومەند ئەعزەمی پور خەڵکی پارێزگای کرماشان، مامۆستای ئاموزش و پەروەرش (پەروەردە) و لێکۆڵەر لە بواری مێژوودا، لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ ئیدارەی پۆست بە مەبەستی وەرگرتنی کۆمەڵێک کتێب کە داوای کردبوو، بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای دەستبەسەرکردن، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشکەشکردنی فەرمانی دادوەری یان بەڵگەی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم شارۆمەندە و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بە سەر کتێبەکان، دەستنوسەکان، مۆبایل و لاپتۆپی ئەودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
شایانی باسە، تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ جۆرە زانیاریەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم شارۆمەندە لە بەردەستدا نیە.
