دەسپێک
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیی لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٦ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.
ئەو ئامار و زانیاریانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە قوربانییەکان ، خێزانەکانیان و بەڵگەنامە کۆکراوەکان و دواتر لە ڕێگەی سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە. ئەگەر چی لە مانگی ژانویە هاوکات لەگەڵ کوشتنی خۆپێشاندەران لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی ژانویە ئینتەرنێت لە ئێران بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ بە تەواوەتی بڕابوو و دەستڕاگەیشتن بە ئامار و زانیاریەکان ئەستەم بوو، بەڵام هانا هەموو هەوڵی خۆی داوە کە زانیاریە کۆکراوەکان ڕاست و درووست بن.
بەم پێیە ئەم ڕاپۆرتە تەنها ئەو حاڵەتانە لە خۆ دەگرێت کە هانا توانیویەتی لە ڕاستی و درووستیەکەیان دڵنیا بێتەوە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٦، ناوەندی ئاماری هانا ٢٧٢ حاڵەتی دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی شارۆمەندانی کورد لە شار و ئاواییەکانی کوردستان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کوماری ئیسلامی تۆمار کردووە.
بە پێی زانیاریە تۆمار کراوەکان ژمارەی دەستبەسەرکردنەکان لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٦، لە بەراوەرد لەگەڵ مانگی ژانویەی ٢٠٢٥، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لە ژانویەی ٢٠٢٥، بە گشتی ١٢٢ حاڵەتی دەستبەسەرکردن تۆمار کرابوو لە کاتێکدا ئەم ژمارە دە ژانویەی ٢٠٢٦ گەیشتووەنە ٢٧٢ حاڵەت. ئەم گۆڕانکاریە نیشاندەری زۆربوونی نزیکەی ١٢٣ لە سەد لە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەو ماوەدایە کە دەرخەری هەڵکشانی ژمارەی دەستبەسەرکردنە لە ژانویەی ٢٠٢٦. لە نێو دەستبەسەرکراواندا ١٦ ژن، ٢٣ منداڵ و ٥ چالاکی ژینگە پارێزی بوونیان هەیە.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، زۆربەری دەستبەسەرکردنەکان بەبێ بانگهێشتامە یان بڕیاری دادوەر ئەنجام دراوە و زۆرتر لە پارێزگاکانی کرماشان ئیلام ڕوویانداوە. تۆمەتە وەپاڵدراوەکان زۆرتر بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، چالاکی مەدەنی و سنفی، چالاکی میدیایی و بڵاو کردنەوەی بابەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەخۆ دەگرێت.
مافی ژیان و کەڵک وەرگرتنی نایاسایی لە زۆر و هێز لە جەریانی خۆپێشانەکانی ئەم مانگە، هێزه ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی چەک لە دژی خۆپێشاندەران بوونە هۆی کوژرانی ژمارەی زۆر لە شارۆمەندان. رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا ناسنامەی ٢٣٨ کەس لە شارۆمەندانی کوردی کوژراو لە شارەکانی ئێرانی پشتڕاست کردووەتەوە کە لەم ژمارە کەسە، ٢٤ کەسیان ژن و ٢٣ کەسیان منداڵ بوون. ئەم کارە نمونەی ڕوونی پێشێلکاری مافی ژیان و کەڵک وەرگرتنی نایاساییە لە زۆر و هێز.
مافی ژیان و سزای سێدارە:
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٦، لانیکەم ١٠ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. لە نێویاندا کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و ٩ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست لە سێدارە دراون. شایانی باسە لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٢٠٥ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.
هەڵسەنگاندنی گشتی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان – ژانویەی ٢٠٢٦
پێداچوونەوە بە داتاکانی ئەم مانگە دەریدەخات کە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا هەروا ناسەقامگیرە. بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کۆکراونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە شارۆمەندان لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ئەم دەستگیرکردنانە زیاتر بە قەبارەیەکی گەورە و بەبێ گەرەنتی ڕێکاری یاسایی ئەنجامدراون.
هەروەها له میانه ی ناڕەزایەتییەکانی ئەم مانگه ، هێزه ئەمنییەکان به بەکارهێنانی چەک له دژی خۆپیشاندەران ژمارەیەکی زۆر لە شارۆمەندانیان کوشتوه. ئەم کارانە نموونەیەکی ڕوونن لە پێشێلکردنی مافی ژیان و بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی ناڕێژەیی و نایاسایی.
کۆی ئەو ڕووداوانە ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی جیددی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پێویستی لێپرسینەوەی دەستبەجێ لە ئەنجامدەران و بەرپرسانی ئەو کردەوانە، بەگوێرەی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٥ی فێوریە ٢٠٢٥
بە کارهێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژادان بە سەرچاوەکە ڕێگا پێدراوە.
