کوژرانی چوار شارۆمەندی کورد بە تەقەی هێزە سەرکوتگەرەکان لە کرماشان

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: چوار شارۆمەندی کورد خەڵکی پارێزگای کرماشان، لە مەودای کاتی ١٨ تاوەکوو ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئەم پارێزگایە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون.

ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە بەم شێوەیەی لە خوارەوە هاتووە بۆ هانا پشتڕاست کراوەتەوە:
حەسەن فەلاحی شوێنکەوتووی ئایینی یارسان خەڵکی ئاوایی سەرئیلان توەخاکی سەر بە پارێزگای کرماشان
محەمەدمەهدی بەدری خەڵکی کرماشان
ئیلهام زەینەلی خەڵکی کرماشان
رەزا دەروێشی خەڵکی شاری ئیسلاماوای غەرب

بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانبار حەسەن فەلاحی لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی شەهرەکی ئیلاهیەی کرماشان، لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە تەقە لە سەری کراوە و کوژراوە.
لە هەمان ڕۆژدا محەمەد مەهدی بەدری لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە بلواری تاقەوسانی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزه ئەمنییەکان کوژرا.

رەزا دەروێشی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە نزێک مزگەوتی ئیمام حوسێن لە شاری ئیسلاماوای غەرب، سەرەتا بە چەکی ساچمەیی بریندار بووە دواتر هێزە سەرکوتگەرەکان بە چاکی کڵاشینکۆف تەقەیان لێکردووە دڵی فیشەکی بەرکەوتووە و کوژراوە.

هەروەها ئیلهام زینەلی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان پشتی بە سەختی بریندار بووە و دوای ڕاگوێزانی بۆ نەخۆشخانە و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەستداوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین