گیانبەختکردنی ئەمیر عەلی حەیدەری جەعفەرئابادی ١٧ ساڵان بە هۆی گوللـەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت لە کرماشان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، ئەمیر عەلی حەیدەری جەعفەرئابادی، تازەلاوی ١٧ ساڵان و خەڵکی کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتی جەماوەری رۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار ١٤٠٤ لەو شارە گیانی بەخت کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی هانا، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، ئەمیر عەلی حەیدەری جەعفەرئابادی لە شەقامی کاشان و گەڕەکی ئێلاهییەی کرماشان، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت بە چەکی کڵاشینکۆفی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی پێکراوە و گیانی لە دەستداوە.
هێزەکانی حکومەت دوای کوشتنی ئەم تازەلاوە، تەرمەکەی دەڕفێنن و بۆ دانەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی بڕی میلیاردێک تمەن وەردەگرن و تەرمی ئەمیر عەلی دەدەنەوە بە بنەماڵەکەی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی کەڵک وەرگرتن لە چەکی شەڕ دژی ناڕازییان، بە تایبەت منداڵان و تازەلاوان، ئەم کردەوەیەی هێزەکانی حکومەت بە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ دەزانێ و جەخت دەکاتەوە لە سەر بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، ڕوون و بێ‌لایەن و لێپیچینەوە لە سەرجەم فەرماندەران و بەرپرسانی ئەم کارە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین