ئازادی چیاکۆ رەزایی دوای ١١٠ ڕۆژ دەستبەسەری لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٥ی دیسامبری ٢٠٢٥) چیاکۆ رەزایی وەرزشکاری خەڵکی سنە، دوای ١١٠ ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە ئازاد کراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چیاکۆ رەزایی لە ماوەی دەستبەسەری و ڕاگیرانی درێژماوەی لە ژووری تاکەکەسێ نزیک ٢٥ کیلۆ کێشی دابەزیوە، بابەتێک کە نیگەرانی جیددی لە سەر بارودۆخی جەستەیی و دەرونی ئەوی لێ کەوتووەتەوە.

ئازادی ئەم وەزشکارە لە کاتێدا ئەنجام دراوە کە بڕیاری دەستبەسەری ئەو بەبێ هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی بۆ جاری چوارەم نوێ کرابووەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر ئاگادار کرابووەوە کە بڕیاری دەستبەسەری چیاکۆ رەزایی کە سەرەتا تا کۆتایی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤، کاتی مابوو، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە نەک هەر ئازاد نەکرا بەڵکوو بەبێ هیچ جۆرە ڕوونکردنەوە و بەڵگەنامەیەکی یاسایی، دووبارە تا ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، درێژ کرایەوە و ئەم درێژکردنەوە دووبارە و ناشەفافانە نادڵنیایی جددی سەبارەت بە بنەمای یاسایی بۆ بەردەوامی دەستبەسەرکردن زیاد کردبوو.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە هانا پێشتر بڵاو کردووەتەوە، بڕیاری بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بۆ ئازادی ئەم وەرزشکارە دەرکرابوو، بەڵام ئەم بڕیارە تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و ئەو وێڕای هەبوونی بڕیاری دادوەری لە گرتووخانە ڕاگیرابوو.

شایانی باسە چیاکۆ رەزایی لە رێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٥ی سپتەمبەری ٢٠٢٥) بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە ڕاگوێزرا و لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین