ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە ۲٦ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ (۱۷ی دیسامبری ۲۰۲٥) فەرشاد فەرەجی، شارۆمەندی کورد خەڵکی تکاب، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی میاندواو ڕاگوێزراوە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی هانا، ئەم شارۆمەندە دوای بەستنی حیسابە بانکییەکانی بەهۆی دەرکردنی حوکمی دەستبەسەرکرانی، بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە چووبووە بانکێک کە لەو شوێنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.
ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی تکاب بە سەرۆکایەتی دادوەر (حەزرەتی) بە تۆمەتی (پڕوپاگەندە لە دژی نیزام) و (سووکایەتیکردن بە خامنەیی) سزای ساڵێک و دوو مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو.
فەرشاد فەرەجی پشتر لە ڕێکەوتی ۲۹ی گوڵانی ۱٤۰٤، بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەرکرا. لەم هێرشەدا هێزە ئەمنیەکان ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە، کە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند مانگێک تا ئێستا بۆی نەگەڕێندراوەتەوە.
شایانی باسە ئەم شارۆمەندە دوای سێ ڕۆژ دەستبەسەری، لە ڕێکەوتی ۳۱ی گوڵانی ١٤٠٤ بە دانانی بارمتە سێ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا بەڵام دوای ئازادکردنیشی چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.
