ڕاپۆرتێک سەبارەت بە لەسێدارەدانی لانیکەم شەش بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم شەش بەندکراو لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.

بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، سەر لە بەیانی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤، سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراو بەناوەکانی “پیر وەلی شەعبانی” خەڵکی سەبزەوار لە بەندیخانەی ناوەندیی سەبزەوار، “عەلی کەلهوڕ” لە بەندیخانەی گورگان، “حسام نەورۆزی” و زیندانییەکی ژن کە ناسنامەی نادیارە لە بەندیخانەی ناوەندی مەشهەد لەسێدارە دراون.

هەروەها لە ڕێکەوتی ٩ و ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بەناوەکانی “سپێهر گودەرزی” خەڵکی ئەلیگودەرز لە بەندیخانەی بروجێرد و “حوسێن زەمانی” خەڵکی نەهاوەند لە بەندیخانەی دورود جێبەجێ کراوە.

پیر وەلی شەعبانی، حسام نەورۆزی و بەندکراوێکی ژن کە ناسنامەکەی نادیارە، هەموویان پێشتر بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە “مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و لە دۆسیەی جیاجیادا لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها سپێهر گودەرزی، حوسێن زەمانی و عەلی کەلهوڕ پێشتر هەریەکەیان بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئانقەست” دەستبەسەر و لە دۆسیەی جیاجیادا لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای لەسێدارەیان بە سەردا سەپێنراوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین