ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ڕۆژی جیهانی ئیدز (١ی دیسەمبر) لە سەر ئەم ڕاستییە پێدادەگرێ ئەو کەسانەی کە تووشی ئیدز بوون و ژیانیان لەگەڵ ئیدز (HIV)دەبەنەسەر، جگە لە کێشەگەلی پزیشکی، ڕۆژانە بەرەوڕووی ڕەنج و مەینەتی قوڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە. ئەزموونی هەڵاواردن، ترس لە نکۆڵی و دوورەخستنەوە، داوەری کردنی نابەجێ، زەخت و گوشارگەلێک کە هەڕەشە لە کەڕامەتی ئینسانی ئەوان دەکا، باری نەخۆشینەکە قورستر دەکا.
ئەم ڕێکخراوەیە ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکاتەوە هۆکاری بەشێکی بەرچاوی ئەم ڕەنجانە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ کاردانەوەی کۆمەڵگا، نەک بوون و ڕاستیی نەخۆشییەکە.
لەم ڕوانگەیەوە ڕێکخراوی هانا ڕادەگەیەنێ ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کۆمەڵ لە پێکهێنان یا کەم کردنەوەی کێشەکان دەور و نەخشی بنەڕەتی هەیە. باوەڕگەلی هەڵە، چوارچێوە و کڵیشەی فەرهەنگی و ڕوانینی نزم و ئاوێتە بە هەڵاواردن دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کەسانە خۆ بشارنەوە و دوورەپەرێز بن و ڕەنجی تەنیایی بە شان هەڵگرن.
بەم پێیە، فێرکردن و پەروەردەی گشتی بۆ پەرەپێدانی ڕەفتاری ئینسانی، بەڕێزانە و بەدوور لە داوەری، بەردی بناغەی هەڵسوکەوتی ڕاست و دروستە بەرامبەر ئەو کەسانە تووشی ئیدز HIV بوون و پێوەی دەژین. بۆ گۆڕانی ڕوانگەکان پێویستە جەخت بکرێتەوە لە سەر ئەم ڕاستییەی ئەو شتەی کە ئەو کەسانە ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مەترسیدارە، نەک ژیان لە تەنیشت تووشبووان.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە لە سەر دەورونەخشی سەرەکی فێرکردن و پەروەردەی بەرگری و پێشگرتن لە تەشەنە و گرتنەوەی HIV. بڵاوکردنەوەی زانیاری زانستیانە و جێ متمانە لەبارەی شێوازی بەرگری، گرینگی تاقیکردنەوە، ڕێگەکانی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دەروونی لە تووشبووان، ئامرازی گرینگن بۆ کەم کردنەوەی ترس، سڕینەوەی توانج و بردنەسەرەوەی وشیاریی گشتی.
پەرەپێدانی فێرکردن و تێگەیشتنی گشتی، ڕێگەیەکە بۆ یارمەتیدانی تەندروستی کۆمەڵ و جگە لەوە مافەکانی کەسانی تووش بوو بە HIV دەپارێزێ.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
