بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، کەسێک بە ناوی “جەلال حوسێنی” لە یەک کاتدا، هاوسەر و خەزووری “نەمام فەرهوش” و “خالد فەرهوش” دانیشتووی شاری مەهاباد” بە چەک لە گەڕەکی ناسراو بە زەوینەکانی شارەداری ئەم شارە کوشتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتوێژێک لە گەڵ هانا ڕایگەیاند، “نەمام فەرهوش و هاوسەرەکەی جەلال حوسێنی” ماوەیەکی زۆر بوو لە ناکۆکییەکی گەورەی هاوسەرگیریدا بوون و دۆسیەی جیابوونەوەیان لە دادگای بنەماڵەی ئەم شارە لەهاتووچودا بوو.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هانا، بکوژەکە دوای ئەنجامدانی کوشتنەکە لە شوێنی تاوانەکە هەڵاتووە و تا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی ئەم قەتڵانە، جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەبوونی یاسای کاریگەر بۆ پاراستنی ژنان هۆکاری سەرەکی ئەم جۆرە کارەساتانەیە. پێدانی سەرۆکایەتی بنەماڵە بە پیاوان بە پشتبەستن بە یاسای مەدەنی و بوونی چەمکی فیقهی هەڵاواردن و نامرۆڤانەی وەک “ملکەچبوون بۆ مێرد” و “نافەرمانی ژن” لە سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە هۆکاری سەرەکی پشت قەتڵی ناموسی لە ئێران دادەنرێت.
