رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوە کە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، دوو برای کورد بە ناوەکانی خالس پەرویزی تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندار و باوکی چوار منداڵ و یوسف پەرویزی تەمەن ٤٢ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی ئاوایی “قنلە”ی سەر بە ناوچەی قتوری خۆی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک ئاوایی ئالمالو بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە و تەنها بە گومانی ئەوەی ئەم دوو برا کاڵای قاچاخیان هەڵگرتبێت تەقەیان لێکردووە. تەرمی ئەم دوو برا تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکراوە و بەرپرسانی پەیوەندیدار هیچ جۆرە زانیاریەکیان لە سەر چارەنوسی تەرمەکان نەداوە.
