بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، ڕۆژی پێجشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٢٥ی سپتەمبری ٢٠٢٥) سومەیە رەشیدی زیندانی سیاسی و چالاکی کرێکاری، دوای چەندین مانگ بێبەش کرانی لە خزمەتگوزاری پزیشکی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.
ناوبراو کە نەخۆشی سەرعی هەبوو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا چەندین جار توشی (فێ)تەشەنۆج بووە بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە ئامادە نەبوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکەن.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆتا جار دوای گەڕانەوەی لە پزیشکی داد تەشەنۆجی کردووە بەڵام لەجیاتی ڕاگوێزانی بۆ نەخۆشخانە، ڕەوانەی ناو بەندیان کردووە و هەر لەو کاتەدا باری تەندروستی تێکچووە و چووەتە حاڵەتی کۆماوە.
ئەم بەندکراوە سیاسیە ڕۆژی ٤ی گوڵانی ١٤٠٤، بە هۆکاری نوسینی دروشم لە گەڕەکی جەوادیەی تاران دەستبەسەر و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” دۆسیەی بۆ کرایەوە.
ئەو دوای دوو ڕۆژ ڕاگیران لە گرتووخانەی ئاگاهی ١٥ی خۆرداد، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا و دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم بەندیخانەیە لەگەڵ کۆمەڵێک بەندکراوی ژن بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزرا.
شایانی باسە، ڕێگریکردن لە بەردەم دەستڕاگەیشتنی ئەم بەندکراوەیە بە دەرمان و ڕاگیرانی لە بارودۆخێکی خراپ لە بەندیخانەی قەرچەک، هۆکاری سەرەکی تێکچوونی باری تەندروستی و گیانلەدەستدانی ئەم بەندکراوە سیاسیە بووە.
هەروەها گوشار خراوەتە سەر خێزانەکەی کە هۆکاری مردنەکەی بگەڕێننەوە بۆ “هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانە”.