کامران ساختمانگەر سزای سێ مانگ زیندان و جەریمەی نەخدی بە سەردا سەپێندرا

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : کامران ساختمانگەر ، چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە ، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری و ٣٠ ملوێن تمەن جەریمەی نەخدی سزا دراوە .

ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پوشپەڕی ١٤٠٤، بەم چالاکی کرێکاریە ڕاگەینراوە .
پێشتر لە رێکەوتی ١٩ی پوشپەڕی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سەر کامران ساختمانگەر لە لقی دووی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوەچووە .
هەروەها لە رێکەوتی ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی لێکۆڵینەوە لەم چالاکە کرێکاریە لە لقی دووی لێکۆڵەری دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا تۆمەتەکانی “ئەندامێتی لە کۆمەڵە ، پیلانگێڕی و بێڕێزی بە ڕێبەر”ی لە سەر لابرا و دۆسیەکەی بە تۆمەتی “چالاکی پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” ڕەوانەی دادگا کرا .

شایانی باسە ناوبراو لە رێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە جەریانی ناڕەزاییە سەرتاسەریەکان لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و دواتر لە رێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئازاد کرابوو .

کامران ساختمانگەر لە ساڵی ١٣٩٨ بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە حزبێکی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” سزای پێنج ساڵ زیندان و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” سزای ساڵێک زیندانی بە سەردا سەپێندرابوو .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین