فەرزاد شەریفی چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤ ، دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە زیندانی سیاسی ماشەڵڵا کەرەمی ڕیگای دوور و درێژی ئاڵمان بۆ نۆروێژی بە پاسکیل دەستپێکردووە تا دەنگی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەتی ماشەڵڵا کەرەمی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بێت .
ماشەڵڵا کەرەمی باوکی “محەمد مەهدی کەرەمی” خۆپێشاندەری لە سێدارە دراوی شۆڕشی #ژن_ژیان_ئازادی ، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی نەزەرئاوای کەرەج بە ٨ ساڵ و ١٠ مانگ زیندان ، یەک ملیارد و ٩٠٠ ملوێن تمەن جەریمەی نەخدی و دەستبەسەردا گرتنی داراییەکانی سزا درا .
ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ ، لە گرتنگەی ئیتڵاعاتەوە بۆ زیندانی ناوەندی کەرەج ڕاگوێزرا و دوای سێ مانگ دەستبەسەر بوون لە قەرەنتینەوە بۆ بەندی ١٥ ڕاگوێزرا .
پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە محەمەد مەهدی کەرەمی لاوی ناڕازی تەمەن ٢٢ ساڵ ، خەڵکی بیجار و دانیشتووی کەرەج ، لە جەریانی بزووتنەوەی ژینا دەستبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج بە ناوی “رۆحوڵڵا عەجەمییان” سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرا و لە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، لە زیندانی ناوەندی کەرەج لە سێدارە درا