بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ئەمڕۆ شەممە “٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣” بە هۆی لێچوونی غاز پەنجا خوێندکار لە خوێندنگەی پەروین ئێعتسامی شاین دژ ژەهراوی بوون .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ بەشێک لەم خوێندکارانە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاین دژ کراون و بەشێکیشیان بۆ نەخۆشخانەیەک لە ورمێ ڕاگوێزراون
ئەم ڕووداوە تەنیا نمونەیەکە لە نەبوونی ستانداردە ئیمەنی و پارێزراوەکان و بەڕێوبردنی خراپی خوێندنگەکانی ئێران و بە تایبەتی کوردستان .لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووداوەکانی غاز گرتوویی ، ئاگرکەوتنەوە و نەبوونی ئامێرە ستانداردەکان چەندین جار مەترسی لەسەر ژیانی خوێندکاران دروستکردووە . لە پارێزگا بێبەشەکانی وەک کوردستان ، سیستان و بەلوچستان و خوزستان ، زۆرێک لە قوتابخانەکان تەنانەت کەمترین ئامێری گەرمکەرەوەی ستاندار و سەلامەتیشیان نییە . لە زستانە ساردەکاندا بەکارهێنانی گەرمکەرەوەی ناپارێزراو و نەبوونی هەواگۆڕکێی باش ، زۆرجار بووەتە هۆی ڕووداوی تاڵ و قەرەبوو نەکراوە .خراپ بەڕێوەبردن و تەرخاننەکردنی بودجە بۆ پەروەردە و گەندەڵی بەربڵاو و سەرکوتکردنی سیستماتیکی ناوچە بێبەشەکانی وەک کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی کە بارودۆخێکی خراپ لە قوتابخانەکاندا دروست بێت .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بە تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ، یونێسکۆ و باقی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بێدەنگی بشکێنن و بەنسبەت ئەم نادادپەروەریە ئاشکرایە کاردانەوەیان هەبێت . بەردەوامی ئەم دۆخە ژیانی هەزاران خوێندکاری دەخاتە مەترسییەوە و پەروەردەی لە ناوچە بێبەشەکان مەترسیدار و دەستنەکەوتوو کردووە .