لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، سمینارێک لەژێر ناوی “دادخوازی و بەرەنگاربوونەوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە ئێران” لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوەچوو. ئەم سیمینارە بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی موحسێن مەزڵوم، پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار و محەمەد فەرامەرزی، لە لایەن کەمپەینی دادپەروەری بۆ چوار زیندانی سیاسیی کوردی لە سێدارەدراو و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا و بە ئامادەبوونی پارێزەران، ڕۆژنامەنوسان، چالاکانی مافی مرۆڤ ، و کۆمەڵێک لە بنەماڵەی زیندانییەکان بەڕێوەچوو .
ڕێوڕەسمەکە دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی چوار زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراوی کورد و سەرجەم قوربانیانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەستیپێکرد.یەکەم وتاردەری سیمینارەکە دکتۆر شیرین عیبادی، پارێزەر و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو ، کە جیاوازی نێوان “تۆڵەسەندنەوە و دادپەروەری”ی خستەڕوو. خاتوو عیبادی وێڕای پێدانی زانیاری گشتی سەبارەت بە فەلسەفەی سزادان جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان تۆڵەسەندنەوە کە لەسەر بنەمای تۆڵەسەندنەوە و ڕێکاری یاسایی وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنی لە پێکهاتەیەکی دادوەریی دیموکراسیدا باسکرد .
وتاردەری دووەم دکتۆر فەراز فیروزی بوو کە لێکۆڵینەوەی لە “تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان” کرد. بەڕێز فیروزی بە ئاماژەدان بە مێژووی ئەم تاوانە لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور و تورکیا، باسی لە پێناسە و نموونەکانی تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە یاسای نێودەوڵەتیدا کرد. فیروزی لە وتارەکەیدا کۆمەڵێک خاڵی لە پرۆسەی دادگایی نێودەوڵەتیی بنەماڵەی چوار زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا کە بە پاڵپشتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای بەدواداچوونی ئەم سکاڵایە خزمەتگوزاری یاسایی و ڕاوێژکاری پێشکەش بە بنەماڵەی قوربانیانی دیکە لە پرۆسەی دادخوازیدا دەکرێت .
سێیەم وتار لەلایەن خاتوو نگین شیرئاقایی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی یاسایی بەناوبانگ سەبارەت بە گرنگی “دادپەروەری ئینتقالی لە داهاتوودا” پێشکەشکرا. خاتوو شیرئاقایی بە باسکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە دۆسیەی چوار زیندانی سیاسی کورد و گرنگی ڕێکاری یاسایی بنەماڵەکانیان دەستپێکرد. خاتوو شیرئاقایی بەردەوام بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر گرنگی دادپەروەری ئینتقالی و گرنگییەکەی لە سەردەمی پێش داهاتوو . خاتوو شیرئاقایی جەختی لەوە کردەوە کە هەر پەرەپێدانێکی میکانیزمەکانی دادپەروەری ئینتقالی دەبێت لەسەر بنەمای خواستی گروپە نەتەوەیی، ئایینی، جنسیەتیە جیاوازەکان بێت.وتاردەری کۆتایی ئەم سیمینارە خاتوو فەریبا بەلووچ، چالاکوانی مافی مرۆڤی بەلووچ بوو، کە لە “هەینی خوێناوی زاهیدان” کۆڵیەوە و باسی لە سەر کرد .
خاتوو بەلوچ وێڕای قسەکردن لەسەر پرسە گشتییەکانی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ لە بەلوچستان هەروەها تیشکی خستە سەر بوونی هەڵاواردنی سیستماتیکی لە دژی خەڵکی بەلووچ لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامییەوە. پاشان خاتوو بەلوچ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دادگا کە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە دەکات کە لە ڕۆژی هەینی خوێناوی زاهیدان ئەنجام دراون پێشکەش کرد. خاتوو بەلوچ باسی لە لایەنی “فەرمانی دادگا” کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی دادگا لەگەڵ ڕادەی ئەو تاوانانەی لە ڕووداوە دڵتەزێنەکەی هەینی خوێناوی زاهیدان ئەنجام دراون ناگونجێت و دادپەروەری بووەتە قوربانی ئیرادەی دامودەزگاکانی حکومەت . زیاتر جەختی لە گرنگی هاودەنگیی نیشتمانی لە گەڕان بەدوای دادپەروەریدا کردەوە .لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر گرتن و دادگاییکردن و لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە نمایشکرا. بەرنامه که بە پەیامی ڤیدیۆیی دکتۆر نێرگس ئەسکەندەری بەردەوام بوو که سزای له سێدارەدانی ئەم چوار زیندانییه سیاسییەی ئیدانه کرد و پشتیوانی ده ڕبڕی بۆ پرۆسەی یاسایی نێودەوڵەتیی بنەماڵەی قوربانیان .
لە بەشی کۆتایی سمینارەکەدا ژمارەیەک لە بنەماڵەی قوربانییەکان لێدوانەکانیان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران خوێندەوە. هەر لەو پێوەندییەدا خاتوو ژینۆ بەیگزادە بابامیری کچی ڕزگار بەیگزادە بابامیری باسی لە دۆسیەی تۆمەتەکانی باوکی کرد کە تەنیا بە هۆی یارمەتیدانی بریندارانی بزووتنەوەی ژنان، ژیان، ئازادی، دەستبەسەر و ئەشکەنجە دراوە. خاتوو بەیگزادە ڕایگەیاند کە باوکی لە لایەن دادگای تاوانەوە بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکوم کراوە و لە مەترسیدایە لە لایەن دادگای ئینقلابەوە حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت.
ڕادا فاتحی زیندانی سیاسی پێشوو بە نوێنەرایەتی بزووەنەوەی ژن ، ژیان ،ئازادی، نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی پێشێلکارییەکانی مافەکان لە ئێران دەربڕی و جەختی لە درێژەی دادخوازی لە دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی کردەوە .بەشێک لە بەرنامەکە تایبەت بوو بە کورتە وتارێکی ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و سپۆنسەری سیاسی خاتوو پەخشان عەزیزی کە سزای لەسێدارەدانی خاتوو پەخشان عەزیزی ئیدانە کرد.
سمیناری داکۆکیکردن و بەرەنگاربوونەوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە ئێران بەم لێدوانەی کۆتایی کۆتایی هات:بەیاننامەی کۆتایی سمینارەکە.دیارنەمانی زۆرەملێ بە شێوە جۆراوجۆرەکانی وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتیدا بە تاوان ناسێنراوە. سەرەڕای ئەمەش کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەم کردەوە تاوانکارییە بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی نەیارانی بە تایبەت لە کوردستان کەڵکی وەرگرتووە.
کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین حاڵەتی ئاشکرای لە حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا لە گرووپی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا هەیە. شایانی باسە کە ئەم ژمارەیە لە دۆسیە تۆمارکراوەکان تەنیا نوێنەرایەتی ژمارەیەکی کەم لە حاڵەتەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە ئێران دەکات، چونکە بە هۆکاری جۆراوجۆر بنەماڵەی قوربانییەکان نەیانتوانیوە سکاڵا تۆمار بکەن یان ئامادە نەبوون بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن بەهۆی فشارە ئەمنییەکانەوە .بۆیە ئێمە وەک بەشێک لە بنەماڵە گەورەکەی دادخوازان بە ئەرکی خۆمان دەزانین نەک هەر داکۆکیکارانی ئازیزانمان بەڵکو دەنگێک بین بۆ هەموو قوربانیانی ئەم دەسەڵاتە نامرۆڤانەیە و تا دادپەروەری بۆ بەرقەرار نەبێ ناوەستین خۆمان و هەموو بنەماڵەی دادپەروەران .
لەم پێوەندییەدا داوا لە هەموو دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکان و چالاکوانان دەکەین کە یاوەری ئێمە بن لەم ڕێبازەی داکۆکیکردندا بۆ ئەوەی بتوانین بە پشتبەستن بە میکانیزمە یاساییە هەبووەکان لێپرسینەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین. ئێمە دەمانەوێت لاپەڕەیەکی دیکە لە بزووتنەوەی داکۆکیکاری نێودەوڵەتی دژی حکوومەتی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی دەست پێ بکەین.لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە بنەماڵەی قوربانییەکان و هەرکەسێک کە تووشی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بووە لە ئێران و داوای ڕێکاری یاسایی دەکات سەبارەت بەو بابەتە دەتوانێت پەیوەندی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بکات و داوای ڕاوێژی یاسایی بکات یان سکاڵا لە لایەنە نێودەوڵەتییەکانی بە شێوەی خۆڕایی و بێبەرامبەر تۆمار بکات .
کەمپەینی دادخوازی بۆ چوار زیندانی سیاسی ئێعدامی کورد
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
(١ی فێوریەی ٢٠٢٥)کۆڵن-ئەڵمانیا