بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی دووشەممە “٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣” عەلی ئەڵڵاوەیسی چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشووی خەڵکی سنە ، بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەم شارە بانگ و لێپرسینەوەی لێکراوە .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ ناوبراو لە پەیوەند لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران لە شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی ، لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە بانگ و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لیکراوە .
عەلی ئەڵڵاوەیسی پێشتر لە لایە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی قازی “مستەفا عەزیزی” بە تۆمەتی “بەشداری لە ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ١٤٠١” بە ساڵێک بەندکرانی تەعزیری و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا دراوە .
شایانی باسە ڕۆژی سێشەممە “٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣” کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەوەپاڵدرەکان دژی ئەم چالاکی مەدەنیە لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو و ڕۆژی یەکشەمە ٢٧ی خەزەڵوەر حوکمی دادگا بە فەرمی پێی ڕاگەینراوە .
عەلی ئەڵڵاوەیسی پێشتر لە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە ڕاگوێزرا و پاشان لە رێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .