بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی دووشەممە “٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣” بۆ سێ کەس لە دەستبەسەر کراوانی شۆڕشی ژینا بە ناوەکانی “کامران سوڵتانی ، ڕەئوف شێخ مەعروفی و محەمەد فەرەجی” خەڵکی بوکان، داوای سزای “گەندەڵی لەسەر زەوی و موحاربە” دەرچووە و ڕەوانەی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی لە شاری مەهاباد کراوە .
محەممەد فەرەجی ، ڕەئوف شێخ مەعروفی و کامران سوڵتانی سێ شارۆمەندی کوردی خەڵکی بۆکان لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرابوون .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتوون ؛ رەئوف شێخ مەعروفی لە دۆسیەیەکی "ئەفساد فی الارض" تۆمەتبارە و دۆسیەکەی دوای دەرچوونی داواکاری سزادانەکە ڕەوانەی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری مەهاباد کراوە .
هەروەها لە لقی یەکی دادگای کەیفەری بۆکان بە سەرۆکایەتی قازی "گوڵ حسێنی" دۆسیەیەکی دیکەی لە سەر تۆمار کراوە بەڵام هیچ زانیاریەک لە سەر تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە دژی ئەم شارۆمەندە لەم دۆسیەیە بەردەست نیە .
محەممەد فەرەجی و کامەران سۆڵتانی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە "موحاربە" تۆمەتبار کراون و دۆسیەکەیان دوای دەرچوونی داواکاری سزادانەکە ڕەوانەی لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهاباد کراوە .
پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە رەئوف شێخ مەعروفی ڕۆژی "٥ی بەفرانباری ١٤٠١" لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا و لە رێکەوتی "٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢" بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرابوو .
هەر وەها کامران سوڵتانی و محەمەد فەرجی لە ڕۆژانی ٣ و ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر و پاشان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزران و لە رێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢ بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرابوون .