هانا : ڕۆژی شەممە “١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣” کامران شێخە ، بەندکراوی عەقیدەتی کوردی مەحکوم بە لە سێدارەدان بە هۆکاری نادیار لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەجەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزراوە .
شایانی باسە ڕۆژی چوارشەممە "٢٦ی گوڵانی ١٤٠٣" پاش جێبەجێ کرانی سزای لە سێدارەدانی بەندکراوی عەقیدەتی کورد خسرەو بەشارەت خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی قزڵحسار ، کامران شێخە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانە ڕاگوێزرا و پاشان بۆ بەشی گشتی بەندیخانە گواسرایەوە .
پێویستە ئاماژە بەمە بکرێت کە شەش کەس لە هاودۆسیەییەکانی کامران شێخە بە ناوەکانی " ئەنوەر خزری" "قاسم ئابستە ،فەرهاد سەلیمی ، خسرەو بەشارەت ، ئەیوب کەریمی و داوود عەبدوڵڵاهی " لە رێکەوتی "١٤ی خەزەڵوەر ، ٨ی سەرماوەز و ١٢ی بەفرانبار ، ١٢ و ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٣" پاش ١٤ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە دران .
بە پێی ئەم راپۆرتە ؛ لە مانگی سەرماوەزی ١٣٨٨ کامران شێخە لەگەڵ شەش شارۆمەندی سونە مەزهەب بە ناوەکانی فەرهاد سەلیمی ، ئەنوەر خزری ، خسرەو بەشارەت ، ئەیوب کەریمی ،داوودعەبدوڵڵاهی ، قاسم ئابستە خەڵکی شارەکانی سەقز لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرابوون .
بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەستمان ؛ ئەوان لە ئەنجامی دادگایی کردنی نادادپەروەرانە کە تێیدا قازی دادگاکە پارێزەرەکەیانی لە مافی بەرگری کردن بێبەش کردبوو ، لە جۆزەردانی ١٣٩٧ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "گەندەڵی لە سەر زەوی" (فساد فی الارض) و تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ئەمنیەتی نەتەوەیی بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کراون . پاش دەستبەسەر کران لە نێوان مانگی سەرماوەزی 1388 تا سەرەتاکانی رێبەندانی 1388 لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، ئەم حەوت کەسە گواسراونەتەوە و تۆمەتبار کراون بە ئەندام بوون لە گروپەکانی سەلەفی ، تۆمەتێک کە سەرجەمیان ڕەتیان کردبووەوە .
سەرەڕای پێشێلکارییەکی جدی لە یاساکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە ، لە 14ی ڕێبەندانی 1399 ، لقی 41ی دادگای باڵای وڵات ، حوکمە پێدراوەکانی لە دژی ئەم حەوت زیندانیە پشتڕاست کردەوە و لە مانگی خەرمانانی 1399 ، لقی 38ی دادگای باڵا داواکاری ئەم شارۆمەندانەی بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە رەت کردەوە .
لە مانگی پووشپەڕی 1397 دادگایکی دیکە لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، کامران شێخەی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەستی پیاوێک کە لە ئاکامی پێکدانان لەگەڵ ئۆتۆمبێلدا گیانی لە دەستدابوو ، بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کرد و ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەتیشی وەک هاوکارەکانی بە بەندکران مەحکوم کرد .
