لاوێکی خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی پشتیوانی لە ئیسرائیل بە سێ ساڵ بەندکران سزا درا

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : مەهدی مەجیدی لاوی خەڵکی بۆکان لە لایەن لقی 101ی دادگای تاوانی بۆکانەوە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و بێرێزی کردن بە رێبەری کۆماری ئیسلامی بە سێ ساڵ بەندکران سزا دراوە .

مەهدی مەجیدی ڕۆژی دووشەممە "١٥ خەزەڵوەری ١٤٠٢"لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا ناوبراو پاش تێپەڕ بوونی ماوەیەک لە گرتنگەی ئیتڵاعاتی ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزرا و لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەن تا کۆتایی دادڕەسی ئازاد کرابوو .

لە ئێستادا ناوبراو ناڕەزایی بەم حوکمە دەربڕیوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی  دادگای پێداچوونەوە کراوە .

کۆماری ئیسلامی بەردەوام ناڕازیەکان و سیاسیەکانی بە پشتیوانیکردن لە ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرد بەڵام لە ئێستادا ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی گەیشتووتە ئاستێک کە خەڵکی ئاسایی کە دەنگی ناڕازییان هەبێ و بە هەر شێوەیەک ڕەخنەی لێ بگرن بە پشتیوانی لە ئیسرائیل و ئەمریکا تۆمەتبار دەکات .

RELATED ARTICLES

Most Popular