بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ لەم ڕۆژانی ڕابردوودا ماشاڵا کەرەمی باوکی محەممەد کەرەمی نارازی لە سێدارە دراوی شۆڕشی ژینا لە لایەن لقی دوویی دادگای شۆڕشی کەرەج بە تۆمەتی “کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهی نەتەوەیی ” بە پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە ساڵێک بەندکران سزا دراوە .
کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو ، بەرێز شەریف زادە ئەردەکانی پارێزەری ماشاڵا کەرەمی ڕایگەیاندبوو : لە داواکاری پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی بریگرتەکەم چوار جۆرە تۆمەت وەپاڵدراوە کە دوو تۆمەتیان بۆ پێڕاگەیشتن ڕەوانەی دادگای کەرەج کراوە تۆمەتەکانی مادەی ٥٠٠ "چالاکی پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" و مادە ٦١٠ "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهی نەتەوەیی" و هەروەها تۆمەتەکانی مادەی ٩ی ڕووبەڕوو بوونەوەی سپی کردنەوەی پارە لە دادگای کەیفەری دوویی شاری نەزیرئاواش پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت .
ماشاڵا کەرەمی باوکی محەممەد مەهدی کەرەمی ، ناڕازی لە سێدارەدراوی شۆڕشی ژینا ، لە ڕۆژی سێشەممە "٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢" لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان لە رێکەوتی ٦ی خەزاڵوەری ١٤٠٢ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی کەرەج ڕاگوێزرا و پاش سێ مانگ بەندکران لە کەرەنتینەوە بۆ بەندی ١٥ی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا .
پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە محەممەد مەهدی کەرەمی لاوی ناڕازی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی کەرەج لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەستبەسەر کرا و پاشان بە تۆمەتی کوشتنی سەربازێکی بەسیجی بە ناوی "ڕوحوڵا عەجەمیان" بە لە سێدارەدان سزا درا و لە رێکەوتی "١٧ی بەفرانباری ١٤٠٢" لە بەندیخانەی ناوەندی کەرەج لە سێدارە درا .