تێپەربوونی ۱۰ مانگ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ٤ چالاکی سیاسی

ڕۆژی ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٠٢٢ هەواڵی دەستبەسەرکردنی تیمێک لە ئەندامانی حیزبی کومەڵەی کوردستانی ئێران لە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ بە ناوەکانی “پژمان فاتحی” تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کامیاران، وەفا ئازەربەر تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی بوکان ، موحسین مەزلوم تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی مەهاباد و محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی دێولان لە بیاننامەیەکدا لایەن ئەم حیزبەوە ڕاگەیەندرا. دواتر میدیاکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی “وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران” لەو پێوەندەدا هەواڵی دەستبەسەر کرانی تیمێک لە ئەندامانی “کۆمەڵە”یان بڵاو کردەوە. سەرەتا ئەم میدیایانە هەواڵی دژبەیەکیان سەبارەت بە شوێنی دەستگیرکردنی ئەو ٤ چالاکە سیاسییە بڵاوکردەوە و بە پێی ڕۆتینی ئاسایی دەستگیرکردنی ئەو چالاکە سیاسیانەیان بە هۆی تێکدەر و ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی ناوبرد و لە هەمان کاتدا لایەنە کوردییەکانیان تۆمەتبار کرد بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل.

کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ئوکتۆبری٢٠٢٢، ویدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو چوار زیندانییە سیاسییەی بڵاوکردوە و لەم گرتە ویدیۆییەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە "بەنیازی تەقینەوەی یەکێک لە کارگەکانی فڕۆکە لە ئیسفەهان بوون". بەڵام لە ١٣ی ئوکتۆبری ٢٠٢٢دا، حیزبی کۆمەڵە کوردستانی ئێران، بە توندی ئەو بانگەشەیە و تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئەندامەکانی ڕەتکردەوە ئەم تۆمەتەی کۆماری ئیسلامی بە بیانوو زانی بۆ سەرکوتکردنی زیاتری کوردستان و خەباتی خەڵک، بە تایبەت لەم ڕۆژانەدا کە ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە کوردستان و ئیران پەرەی سەندوە.

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ئەو بەندکراوە سیاسیانە لە ناو ١٠ مانگدایە و بە دواداچونی کەسوکار و بنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسیانە بێ ئاکام ماوەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی بەرینی  خۆی سەبارەت بە دۆسیەی ئەو چوار چالاکە سیاسییە دەربڕیوە و پێمان وایە کە پێویستە بە پێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و پەیمانی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسییەکان  چاودێری توندی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ.بەندکراوان دەبێت لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان ببێت و لە مافی پێداویستی پزیشکی و دکتور یان هەبێت. 
بەپێی مادەی پێنجەمی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، "نابێت هیچ کەسێک ئەشکەنجەی دڕندانە و نامرۆڤانە بکرێت، یان هەر مامەڵەیەک کە هەست بە سوکایەتی مڕۆڤانەی خۆی بکات ".
هەروەها لە ماددەی ١٠ی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "هەموو مرۆڤێک شایەنی دەستڕاگەیشتنێکی تەواو و یەکسانە بە دادگایەکی ئاشکرا و دادپەروەرانە لەلایەن دادگایەکی بێلایەن و سەربەخۆوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ماف و ئەرکەکانی بەرامبەر بە هەر تۆمەتێکی یا تاوانێک".
بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی دژ بە ئەشکەنجە، ئەنجامدانی هەر کارێک  کە ببێتە هۆی برینداربوونی توند یان ئازاری جەستەیی یان دەروونی و بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری یان دانپێدانانی زۆرەملێ لە قوربانی یان کەسوکار و هاوڕێکانی ئەنجام بدرێت، بە ئەشکەنجە دادەنرێت، هەر دانپێدانانێکیش بەپێی ئەم مەرجەکان نادروستن.
لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵێک دەستبەسەرکراوی بەرفراوانی لەخۆگرتووە، لەوانە؛ تێکۆشەرانی سەندیکای مامۆستایان، نەیارانی سیاسی کۆماری ئیسلامی، کۆڵبەران، ژنانی ناڕازی بەرامبەر بە حیجابی ئیجباری، بنەماڵەی داخوازی ئابان و تەنانەت هاووڵاتیانی بیانیش فایلی ئەمنی دروست دەکەن و تۆمەتی درۆ لەوان پەیوەست بە ئیتلاعاتی وڵاتانی دەرەوە دەخەنە پاڵ و سیناریۆیەک بۆ دروست دەکەن هەریەکەیان ناچاریان دەکات لە تەلەفزیۆن دانیان پێدا بنێن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکات کە ئەم دۆسیە و سیناریۆیە ئەمنیەتیانە و دانپێدانانی زۆرەملێ بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی لەم دۆسیە تایبەتەدا ئەو چوار ئەندامی دەستبەسەرکراوی حیزبی کۆمەڵەی ئێرانی کوردستان مەحکوم بکەن و کۆماری ئیسلامیش پابەند بێت بە زانینی پەیماننامە جیهانییە دانپێدانراوەکانی مافی مرۆڤ.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢٣

RELATED ARTICLES

Most Popular