هانا؛ رۆژی شەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی محەممەد سەلیمی تەمەن ٢٨ ساڵ و چالاکی ژینگە پارێزی خەڵکی سەقز، پاش سەردانی لقی بەڕێوەبەرایەتی سزاکانی دادگای ئینقلابی سەقز دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سەزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گوازراوەتەوە.
ناوبراو مانگی گوڵانی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقز بە سەرۆکایەتی قازی جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بانگەشە دژی حکومەتی ئیسلامی و ئەندامەتی لە حزبێکی کوردستانیدا" ١١ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا و دواتر لە دادگای پێداچوونەوە سزاکەی بۆ ٢ ساڵ بەندکران بەڵام بە شێوەی هەڵپەسێردراو و هەروەها جیبەجێکرانی ٢ مانگ و ٢٣ رۆژی بەندکران گۆڕا.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە محەممەد سەلیمی ١٩ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٨ی فێبرواری ٢٠٢٢)، بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە رەوانەی گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو. ناوبراو رۆژی چوارشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ (٦ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، بە دانانی زەمانەت لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە تا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.
