بنەماڵەی “مامل محەممەدی” نەیانهێشت “شاکر بێهروز” لە سێدارە بدرێ 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، خوشکی “مامل محەممەدی”، رەزایەتی خۆی بۆ بەخشینی “شاکر بێهروز” دەربڕی کە تۆمەتی کوشتنی براکەی “مامل محەممەدی” لەلایەن حکومەتەوە لێدرابوو و دواتر هەموو ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو رەزایەتنامەی خۆیان واژۆ کرد. 

سەرچاوەیەکی ئاگاداری هانا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ – ٢٨ی ژوئەن ئیتلاعاتی سپا "شاکر بێهروز"یان ناچار کردبوو لە بەرامبەر کامێڕا داوای لێبوردن لە بنەماڵەی "مامل محەممەدی" بکا. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر مەترسی لە سێدارەدانی لە ناکاوی ئەم بەندکراوە سیاسییەی راگەیاندبوو. شاکر بێهروز سەرەڕای ئەوەی کە ١٢ شاهیدی هەیە لە سەر ئەوەی کە لە کوشتنی مامل محەممەدیدا دەستی نەبووە بەڵام ئەو حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگای یاسایی حکومەت ئەم تۆمەتەیان بە سەردا سەپاندووە. 

ئەم بەندکراوە سیاسییە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە بەندی بەندکراوانی سیاسییەوە بە بیانووی دیداری یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابۆوە و دواتر ناوبراو لە پێوەندییەکی تەلەفونی کورتدا مەترسی جێبەجێکردنی سزای سێدارەکەی راگەیاندبوو. 

سزای سێدارەی شاکر بێهروز مانگی خرمانانی پارەکە لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم پەسند کرابوو و بۆ جاری دوویەم هەر لەلایەن دیوانی باڵاوە پەسند کرابۆوە و رۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ لە بەندیخانەی ورمێ بە فەرمی بە ناوبراویان راگەیاندبوو و ٢٠ رۆژیان مۆڵەت پێدابوو تا داوای لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بکاتەوە. 

شاکر بێهروز ماوەیەک ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو و پاشان ٧ مانگ ببوو بە ئەندامی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوای واز هێنان لەو حزبە لە پاییزی ١٣٩٧دا پاش وەرگرتنی ئەماننامە، لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەوە ئێران چووبۆوە و خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو. ناوبراو دوای ١٤ رۆژ بەندکران ئازاد کرابوو. 

شاکر بێهروز رۆژی سێشەممە ٢١ی رەشەمەی ١٣٩٧ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو مانگی خرمانانی ١٣٩٩ سزای سێدارەی لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی "شێخلوو" بە تۆمەتی "بەغی" و "ئەندامەتی کۆمەڵە" بە سەردا سەپا. پەسندکرانی ئەم بڕیارە بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە حاڵێکدایە کە شاکر بێهروزی پێشتر ئەندامی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە لایەن هەر ئەو دادگایەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لەو حزبەدا ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ئەو بڕیارە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠ لەلایەن دیوان باڵای ئێران رەتکرابۆوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە رەوانەی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابۆوە. 

ئەم بەندکراو سیاسییە لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٩دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ورمێ بە تۆمەتی کوشتنی "مامل محەممەدی" تۆمەتبار کرا و پاشان سزای سێدارەی بەسەردا سەپا. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular