بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، “قانع خاتری” چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە دوای ڕادەست کردنی بۆ دادگا، شەش مانگ لە سزای بەندکرانەکەی داشکا و بڕیاری ۱٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە لایەن پارێزەرەکەی ئاگادار کراوەتەوە بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری بەند کرانی ڕۆژی یەکشەممەی حەوتووی داهاتوو خۆی بە بەشی جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگا بناسێنێ.
"قانع خاتری" هاوکات لەگەڵ مەرزیە مراد وەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، عەتاوڵڵا ڕەزا ڕوبابی، مەهدی سەیفی، فەردین ڕەحیمی، عەلی ئەڵڵاوەیسی و موحسین حسێن پەناهی" ڕێکەوتی ۲٤ی ئاپریل ۲۰۲۲ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر کرابوون.
ناوبراو دوای ۱۰ ڕۆژ لە گرتنی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادکرابوو. قانع خاتری لە کاتی دەستبەسەر بوونیدا لە مافی گرتنی پارێزەر و چاو پێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە بەڕێوبەرایەتی قازی سەعیدی بە بانگەشە دژی حکومەت، هاوکاری لەگەڵ یەکێ لە حیزبە کوردیەکان، درووست کروونی کۆڕو کۆمەڵی نایاسایی تومەتبار کراوە و لە دادگایەکی پاشملە هاوکات لەگەڵ مەرزیە موراد وەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، مەهدی سەیفی، فەردین ڕەحیمی و عەلیوڵڵا وەیسی هەر یەک بڕیاری دووساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپا و عەتاوڵڵا ڕەزا ڕوبابی بە دووساڵ بەندکرانی دواخراوی بەسەر دا سەپا.