هانا: بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ٤ی گوڵانی ١٤٠١ – (٢٤ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، “گوڵاڵە مرادی” خەڵکی پیرانشار بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەن لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.
کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا"ی راگەیاند، "گوڵاڵە" بە تۆمەتی ئەوەی دەستی لە کوشتنی کادرێکی سپای پاسداراندا بووە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (١٧ی ئاپریلی ٢٠٢١)دا لەگەڵ سێ کەسی دیکە کە دوو کەسیان کوڕی خۆی بوون لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و لە گرتووخانە لە ژێر زەبەر و زۆر و ئەشکەنجەدا "گوڵاڵە مرادی"یان ناچار بە دانپێدانان لە دژی خۆی کردبوو.
ئەو کەسە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێ لە درێژەدا وتی، گوڵاڵە مرادی تۆمەتی هاوکاری کردنی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ کوشتنی فەرماندەیەکی سپای پاسداران بە ناوی "عوسمان حاجی حسێنی" دراوەتە پاڵی.
شایانی باسە، گروپێک بە ناوی "هەڵۆکانی زاگڕۆس" کوشتنی "عوسمان حاجی حسێنی"یان وەئەستۆ گرتبوو.
