بەپێی راپۆرتی هاوکارانی “هانا”، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی “سامی قەنبەرزادە” کوڕی “عەلی” و خەڵکی ئاوایی “رکاوا” لە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ورمێ، لە رۆژی دووشەممە ٩ی رەشەمەی پارەکەوە لەلایەن هێزەکانی ئەمنی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
سامی قەنبەرزادە چەند ساڵان لە هەرێمی کوردستان خەریکی کرێکاری و گەچکاری بووە و دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە، هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی هەرێم داوای لێ دەکەن بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سنووری "تەمەرچین".
ئەم سەرچاوە ئاگادارە رایگەیاندووە، کاتێک سامی قەنبەرزادە خۆی بە گومرکی "تەمەرچین" ناساندووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم شارۆمەندە کوردە لەبەردەستدا نییە.
