هانا: “ئاڕمان فەرەهمەند” تازەلاوی ١٧ ساڵان کە خەڵکی ئاوایی “سەردووش” لە ناوچەی مەریوانە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٨ مانگ بەندکران و بوونی ١٠ شاهید کە بێ تاوانی ئەم تازەلاوە دەسەلمێنن، چارەنووسی هەر نادیارە و دەستبەسەرە.
ناوبراو رێکەوتی ١٩ی خرمانانی ١٣٩٩، وێڕای ٨ کەسی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی "پوویا چارە تەڵەب" لە مەریوان دەستبەسەر کرابوون، بەڵام ٨ کەسەکەی تر پاش ماوەیەک ئازاد کران.
ئاڕمان فەرەهمەند رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ بۆ ناڕەزایەتی بە نادیاربوونی چارەنووسی و پشتگوێ خستنی پڕاو و پەروەندەکەی لەلایەن لقی دووی دادگای مەریوانەوە، لێوەکانی پێکەوە درووبوو و بەم جۆرە مانی لە خواردن گرتبوو. بەڵام پاش بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ پێوشوێن گرتن و جێبەجێ کردنی داواکارییەکەی، مانگرتنەکەی شکاند.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٠ مانگ لە بەڵێنی بەرپرسان، هێشتاش لە "ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی" بەندیخانەی سنە دەستبەسەرە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی و بوونی ١٠ کەس وەک شاهید بۆ سەلماندنی بێ تاوانییەکەی، چارەنووسی نادیارە.
