هانا: لە رۆژانی شەممە و دووشەممە ١٦ و ١٨ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٥ و٧ی فێبرواری ٢٠٢٢)، لە دوو رووداوای جیاوازدا دوو منداڵ بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە ١٨ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٧ی فێبرواری ٢٠٢٢)، منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵان لە خێڵە کۆچەرەکان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بە هۆی تەقینەوەی مین دەست و لاق و روخساری بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی قەسری شیرین کراوە.
هەروەها لە روودوێکی دیکەدا رۆژی شەممە ١٦ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٥ی فێبرواری ٢٠٢٢)، منداڵێکی ٥ ساڵان بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو. هاوکارانی هانا ناسنامەی ئەم منداڵەیان "سوهەیل هاشمی" تەمەن ٥ ساڵ لە خێڵەکانی "میشخاس" راگەیەندووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم منداڵە لە کاتی کایە کردندا لە ناوچەی "رەزا ئاباد" بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی ئیلام کراوە.
جێگای وەبیرن هێنانەوەیە هەر وەک پێشتر لە راپۆرتەکاندا رێکخراوی هانا بڵاویکردبۆوە، لە رووداوێکی دیکەدا رۆژی شەممە ١٦ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٥ی فێبرواری ٢٠٢٢)، شارۆمەندێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە ئاوایی "هەمزە" لە دەشتی عەباسی سەر بە دێهلوڕان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە و لاقێکی لەدەستداوە.
جێگای ئاماژەیە، سپای پاسداران، ناوەندە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەردەوام خەریکی چاندنی مینن لە ناوچە سنوورییەکان و جگە لەوەش لانیکەم ٤٢٠٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە لە خاکی ئێران مین ڕێژ کراوە کە زۆربەی ئەم خاکە مین ڕێژ کراوانە دەکەوێتە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی ئێران. بەشێک لەو مینانە هی سەردەمی جەنگی ئێران و عێڕاقە و هێشتاش هەڵنەگیراونەوە و بەشێکی دیکەش لە دژی حزبە کوردییەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە چێندراوەن. حکومەتی ئیسلامی ئێران بە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە نەناوە و بەوەش نەوەستاوە و لەبەرەوە هەر خەریکی مین رێژ کردنی ناوچە سنوورییەکانە. لەبەر ئەوە ناوە ناوە و هەر جارەی لە ناوچەیەکی کوردستان تەقینەوەی مین کارەساتی دڵتەزێن و قوربانی لێ دەکەوێتەوە.
بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆن و یاسا نێونەتەوەییەکان حکومەتی ئیسلامی ئێران وەکو حکومەتی هەموو وڵاتان بەرپرسە لە پارێزگاری لە ئەمنییەتی گیان و ژیانی هاووڵاتیان. بەڵام حکومەتی ئێران بە خۆپاراستن و واژۆ نەکردنی پەیمانی "ئۆتاوا" خۆی لە هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان دەبوێرێ و تەنانەت ئامادە نییە مەیدان و ناوچە مین رێژکراوەکان دیاری و نیشانە بکا کە ئەمە دەتوانێ گیانی شارۆمەندان تا رادەیەک رزگار بکات. هەروەها دانی زانیاری بە خەڵکی ناوچە مین رێژکراوەکان سەبارەت بە مەیدانەکانی مین و مەترسی مین ئەرکی سەر شانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە وەک دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بەڵام ئەم کارەش هەر ناکا.
