هانا: رۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ – (٢٦ی دیسامبری ٢٠٢١)، منداڵێکی دە ساڵان لە کۆچەر و خێڵاتی ناوچە سەر سنوورییەکانی دێهلوڕان، بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم مناڵە ١٠ ساڵانە لە کۆچەر و خێڵاتی ناوچەی سەر سنووری "ئەبووغوویر" سەر بە دێهلوڕانە و لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات تووشی ئەم رووداوە بووە. رووداوەکە بەم جۆرە بووە کە مین لە بن پێی مەڕوماڵات تەقیوەتەوە و پڕیشکەی مین بەر سنگی ئەو منداڵە کەوتووە و بە خەستی برینداری کردووە. پاشان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی ناوچەی "دەشتی عەباس" سەر بە دێهلوڕان کراوە بەڵام بەداخەوە بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.
تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، ناوی ئەم مناڵە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
جێگای ئاماژەیە لە ناوچە سنوورییەکان لانیکەم ٤٢٠٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە لە خاکی ئێران مین ڕێژ کراوە کە زۆربەی ئەم خاکە مین ڕێژ کراوانە دەکەوێتە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی ئێران. بەشێک لەو مینانە هی سەردەمی جەنگی ئێران و عێڕاقە و هێشتاش هەڵنەگیراونەوە و بەشێکی دیکەش لە دژی حزب و هێزە کوردییەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە چێندراوەن. حکومەتی ئیسلامی ئێران بە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە نەناوە و بەوەش نەوەستاوە و لەبەرەوە هەر خەریکی مین رێژ کردنی ناوچە سنوورییەکانە. لەبەر ئەوە ناوە ناوە و هەر جارەی لە ناوچەیەکی کوردستان تەقینەوەی مین کارەساتی دڵتەزێن و قوربانی لێ دەکەوێتەوە.
بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆن و یاسا نێونەتەوەییەکان حکومەتی ئیسلامی ئێران وەکو حکومەتی هەموو وڵاتان بەرپرسە لە پارێزگاری لە ئەمنییەتی گیان و ژیانی هاووڵاتیان. بەڵام حکومەتی ئێران سەرڕۆیانە بە واژۆ نەکردنی پەیمانی "ئۆتاوا" خۆی لە هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان دەبوێرێ و تەنانەت ئامادە نییە مەیدان و ناوچە مین رێژکراوەکان دیاری و نیشانە بکا کە ئەمە دەتوانێ گیانی شارۆمەندان تا رادەیەک رزگار بکات. هەروەها دانی زانیاری بە خەڵکی ناوچە مین رێژکراوەکان سەبارەت بە مەیدانەکانی مین و مەترسی مین ئەرکی سەر شانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە وەک دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بەڵام ئەم کارەش هەر ناکا.
