بەندیخانەی سنە: حەیدەر قوربانی بە نهێنی لە سێدارە درا 

هانا: بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (١٩ی دیسەمبری ٢٠٢١)، “حەیدەر قوربانی” بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی سنە بە نهێنی لە سێدارە دراوە. 

یانەی دادی پارێزگای کوردستان راگەیاندنێکی لەم بارەوە بڵاوکردۆتەوە و دەڵێ: "تۆمەتەکانی حەیدەر قوربانی "بەغی"، "بەشداری لە کوشتنی بە ئەنقەستی سێ کەس لە شارۆمەندانی کوردی سوننە لە کوردستان" و "ئەندامەتی لە حزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران"ـە و هەروەها تۆمەتبارە بەوەی بە هاوکاری سێ کەسی دیکە سێ ئەندامی سپای پاسدارانیان کوشتووە".  

حەیدەر قوربانی ساڵی ١٣٩٥ لەگەڵ "مەحموود سادقی" ژنبرای لە کامێران دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەیەکی زۆر ئیمکانی هەر جۆرە پێوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی لێ زەوت کرا. لەو ماوەیەدا لە ژووری تاکەکەسی و لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری زۆردا دەستبەسەر بوو. ئەنجومەنی ئەتڵەسی بەندکراوانی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٥دا لە زمانی سەرچاوەگەلی نزیک لە حەیدەر قوربانییەوە نووسیبوو: مەئموورانی ئیتلاعات لە کاتی لێپێچینەوەدا حەیدەریان بە لاقەوە بە بن میچی ژووری لێپرسینەوە هەڵاوەسیبوو و هە لەو کاتەشدا کیسەی پەلاستیکیان بە دموچاوی حەیدەر هەڵکێشابوو تا نەتوانێ هەناسە و پشوو بدا. 

هەروەها مەئموورانی ئەمنی و ئیتلاعات بە مەبەستی گوشار خستنە سەر حەیدەر قوربانی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراویان دەستبەسەر کردبوو. 
مانگی گەلاوێژی ١٣٩٩ لەلایەن دادگای حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارە بە سەر ئەم شارۆمەندە کوردەدا سەپا. 
ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملی خستبوویانە ژێر گوشار و "پرێس تی ڤی" سەر بە حکومەتی ئیسلامی ئێران، پێشتر فیلمێکی لە دانپێدانانی زۆرەملی ئەم بەندکراوە سیاسییە بڵاوکردبۆوە. 

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رۆژی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ رایگەیاند بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا و بە زۆرەملی ئێعترافی کردووە، خوازیاری هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی ناوبراو و بەڕێوەچوونی دادگایەکی دادپەروەر و مونسیفانە ببوو. 

حەیدەر قوربانی رێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٥٢ لە ئاوایی "بزوەش"ی لە ناوچەی کامێران و سەر بە پارێزگای سنە لە دایک بووە. باوکی حەیدەر ساڵی ١٣٥٩ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە کوژرا.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular