بەپێی ئەو هەواڵانەی بۆ هانا هاتووە، کرێکارانی شارەوانی مەریوان لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩وە تا ئێستا هیچ هەقدەستێکیان وەرنەگرتووە و مووچەیان پێ نەداون.
یەکێک لەو کرێکارانە لەم بارەوە بە "رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا"ی وت" پێنج مانگە هەقدەستمان وەرنەگرتووە و بەلەبەرچاوگرتنی مووچەیەکی کەم کە بۆمان بڕاوەتەوە، پێشتر نەمانتوانیوە هیچ پاشەکەوت بکەین و ئەم گرانییەی نێو بازاڕیش کارێکی کردووە ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا بژین و بەڕاستی لەگەڵ گیروگرفتی جیددی بەرەورووین.
جێگای ئاماژەیە شارەوانی مەریوان مووچە و هەقدەستی کارمەندانی خۆی داوە بەڵام سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی کرێکاران، لە دانی مووچەی ئەوان بە هۆکار و بیانووی جۆراوجۆر خۆدەدزێتەوە.
نەدانی مووچە و هەقدەستی کرێکاران و گوێنەدان بە دۆخی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان، بۆ وێنە کرێکاران، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
