ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی شایان زارعی تەمەن ٢٣ ساڵ و پەیڕەوی ئایینی یارسان،لە نزیک شاری کۆزران سەر بە شارستانی کرماشان،بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییە بەدەست گەیشتووەکان،شایان زارعی لە کاتی ڕووداوەکەدا لەگەڵ دوو هاووڵاتی دیکە لە نزیک شاری کوزران لە حاڵی هاتوچۆدا بوون کە هێزەکانی سپا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لێ کردوون.لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا،شایان زارعی هەر لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەست داوە.
تا ئێستا زانیارییەکی ورد سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی دوو هاووڵاتییەکەی دیکە کە لەگەڵیدا بوون،لەوانە ئەگەری دەستبەسەرکران یان برینداربوونیان،لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شایان زارعی چەند ساڵ لەمەوبەر لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی تایبەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونی بەکۆمەڵ کە کوشتنی لێ کەوتبووەوە،ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی دادوەری ببووەوە و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتەیەکی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، وردەکارییەک سەبارەت بە ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییەی کە لەگەڵ شایان زارعی بوون،نەگەیشتووەتە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا.
