بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون،ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، گوڵاڵە (نازەنین) ئەلیاسی خەڵکی شاری مەهاباد، دوای بانگ کردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە وەرگیراوەکان، گوڵاڵە ئەلیاسی لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی مەهابادەوە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات” سزای دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرابوو.
جێگای ئاماژەیە،ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٣،دوای بانگ کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرابوو و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترابووەوە. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە و ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
