هانا، سزای سێدارەی ئارمان مەعرفەتی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی شارستانی سەقز و دانیشتووی تاران کە لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، دەستبەسەر کرا و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە، لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە پەسەند کراوە. ناوبراو لە ئێستادا لە یەکەی ٣، هۆڵی ٣٧ی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج ڕاگیراوە.
ئارمان مەعرفەتی پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کردەوە عەمەلییەکان دژی ئاسایشی وڵات، چوونە ناو شوێنە ئایینییەکان بە مەبەستی تێکدان و بەشداریکردن لە ئاگرتێبەردانی مزگەوت و حەوزەی عیلمیە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە نوێنەری داواکاری گشتی لە دانیشتنی دادگاییکردنەکەدا، تۆمەتی ناوبراوی بە «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی وڵات لە ڕێگەی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان» ناوبردبوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا، دادوەری دادگا بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٨٠ی یاسای ڕێکارە سزاییەکان، ناونیشانی تۆمەتەکەی گۆڕیبوو و قورستری کردبوو. ئەم هاووڵاتییە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو ناڕازی دیکەی خەڵکی قوروە بە ناوەکانی مێهرداد محەممەدینیا و ئەشکان مالیکی دادگایی کرابوو. سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو زیندانییە لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٥ جێبەجێ کرا و ئارمان مەعرفەتیش لە هەمان مانگدا لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی قزڵحساری کەرەج گواسترایەوە.
ئارمان مەعرفەتی کە بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی لە مەیدانی میوە و سەوزەی تاران کرێکاری دەکرد، باوکی دوو منداڵی بچووکە.
