دەرچوونی دووبارەی سزای سێدارە بۆ وریشە مورادی سەرەڕای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە لە دیوانی باڵای وڵاتدا

لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەڵەواتی، جارێکی تر وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد و چالاکی مافەکانی ژنانی بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپی باغی بە لەسێدارەدان مەحکووم کرد.

ئەم بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بە پارێزەرەکانی ناوبراو ڕاگەیەندراوە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا دەکرێت داوای پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. دەرکردنەوەی بڕیارەکە لە کاتێکدایە کە دیوانی باڵای وڵات پێشتر بڕیاری لەسێدارەدانی بەهۆی کەموکووڕیی بنەڕەتی لە لێکۆڵینەوەکان و ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنە یاسایییەکان هەڵوەشاندبووەوە.
وریشە مورادی، ناسراو بە «جوانا سنە»، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە نزیک سنە دەستبەسەر کرا و پاش چەندین مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەوین، ڕەوانەی بەندی ژنان کرا.

یەکەم سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لە خەزەڵوەری ١٤٠٣ دەرچوو، بەڵام لقی نۆیەمی دیوانی باڵای وڵات لە سەرماوەزی ١٤٠٤، بە پشتڕاستکردنەوەی کەموکوڕییەکانی لێکۆڵینەوە، لەوانە ڕوون نەکردنەوە و تێنەگەیاندنی ئەو تۆمەتەی کە ببووە بنەمای سزای لەسێدارەدان، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە گەڕاندەوە.
ئەمیر سەجادی و کەیوان عەزیزی، لە پارێزەرانی مورادی، ڕایانگەیاندووە کە دادگا بێ ئەنجامدانی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن دیوانی باڵاوە داوا کرابوون و تەنیا بە گۆڕینی ناونیشانی تۆمەتەکە، جارێکی تر سزای لەسێدارەدانی دەرکردووەتەوە.

ئەم بابەتە لە ڕوانگەی یاسای دادبینیی سزایییەوە گرنگییەکی بنەڕەتیی هەیە؛ چونکە بەپێی بڕگەی «ئەلف»ی ماددەی ٤٧٠ی یاسای دادبینیی سزایی، دادگا دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیار لەبەر کەموکووڕیی لێکۆڵینەوە، ئەرکدارە ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە دیاری کراون تەواو بکات. گۆڕینی ناونیشانی تۆمەت لە جێی چارەسەرکردنی کەموکووڕییەکانی لێکۆڵینەوە یان دابین کردنی مافی بەرگریی تۆمەتبار ناگرێتەوە.

لە ڕوانگەی مافی سزاییی ماهەوییەوە، پاڵدانی ناونیشانی «بەغی» پێویستی بە سەلماندنی ئەو مەرجانە هەیە کە لە ماددەی ٢٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتوون، لەوانە ڕاپەڕینی چەکدارانەی گرووپ دژی بنەماکانی دەسەڵات و بەکارهێنانی چەک. تەنیا پاڵدانی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکدا، بێ سەلماندنی توخمە یاسایییەکانی تاوانەکە و مەرجەکانی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، ناتوانێت ببێتە بنەمایەکی پێویست بۆ ئەستاندنی ژیانی تۆمەتبار. ئەم جیاوازییە بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی ٢٨٨ی هەمان یاسا گرنگییەکی زیاتر پەیدا دەکات. پارێزەرانی مورادی هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بریکاردارەکەیان بەشداریی لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی چەکداریدا دژی کۆماری ئیسلامی نەکردووە و چالاکییەکانی لە باکووری سووریا، لە چوارچێوەی شەڕ دژی داعشدا بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێی وایە کە ئەو کێشە و کەموکووڕییانەی لەم دۆسیەیەدا خراونەتە ڕوو ناتوانرێت تەنیا بۆ ناکۆکییەکی ڕواڵەتی لە ڕەوتی دادگاییکردندا دابەزێندرێن. تێگەیاندنی وردی تۆمەتەکە، دەرفەتی بەرگریی کاریگەر، سەلماندنی یاساییی توخمەکانی تاوان و پێداچوونەوە بە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاردا، لە گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی دادبینیی سزایین کە لەو دۆسیانەی دەگەنە سزای لەسێدارەدان، گرنگییەکی یەکلاکەرەوەیان هەیە.

سەرەڕای ئەمەش، بەپێی لێکدانەوەی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، سەپاندنی سزای لەسێدارەدان تەنیا بۆ قورسترین تاوانەکان سنووردار دەکرێتەوە کە توخمی کوشتنی بەئەنقەستیان تێدایە.

دەرچوونی دووبارەی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، سەرەڕای کەموکوڕییە دیاریکراوەکانی دیوانی باڵای وڵات و پێداگریی پارێزەرەکانی لەسەر چارەسەرنەکرانیان، پرسیارێکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای یاساییی بڕیارەکە و بەهای لێکۆڵینەوەی دووبارە دەورووژێنێت. تا ئەو کاتەی توخمەکانی تاوان بە بەڵگەی باوەڕپێکراو نەسەلمێنرێن و مەرجەکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە ڕەچاو نەکرێن، پێداگری لەسەر سزای ئەستاندنی ژیان لەگەڵ بنەمای یاسایی بوونی سزاکان، مافی بەرگری و پابەندبوونی دەوڵەت بە پاراستنی مافی ژیان ناگونجێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین