ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پاش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی سەرەتایی لەسەر کوشتنی خێزانی لە دێهلۆڕان، دەستی بە زانیاریی نوێ لەسەر ناسنامەی ژنە قوربانییەکە، پێشینەی بکوژ و هەڵوێستە سیاسییەکانی قوربانییەکە گەیشتووە، کە ڕەهەندەکانی ئەم تاوانە پێویست بە لێکۆڵینەوەی وردتر دەکات.
بەپێی زانیارییە تەواوکارییەکانی هانا، ناوی ئەو ژنەی گیانی لەدەست داوە (فریشتە یووسفزادە)یە کە لەگەڵ سێ منداڵ لە شارۆچکەی بەعسەتی دێهلۆڕان بە تەقەی چەکی سازمانی (سەربە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەکان) لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە ناوی (محەممەد محەممەدی) کوژراون.
محەممەد محەممەدیی تەمەن ٥٧ ساڵ پاش کوشتنی ئەندامانی بنەماڵەکەی، بە تەقەکردن لە خۆی کۆتاییی بە ژیانی هێناوە. دوو لە منداڵە قوربانییەکان، دوو کوڕی دۆقۆلووی تەمەن ٩ ساڵ بوون و منداڵی سێیەمیش، منداڵێکی ١٣ ساڵانی ناوبراو بوو لە زەواجی یەکەمی.
هەروەها زانیارییە بەدەستگەیشتووەکانی هانا ئاماژە بە پێوەندیی محەممەد محەممەدی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییەکان، فریشتە یووسفزادە لە نەیارانی حکوومەت بووە و لە چلەی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا، بە بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یادی ئەوانی بەرز ڕاگرتووە.
ئەگەرچی تا ئەم ساتە بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە کە سیاسیبوونی ئەم تاوانە بسەلمێنێت، بەڵام زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە ئەگەری پێوەندیی بکوژ لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان و هەڵوێستە سیاسییەکانی قوربانییەکە، پێویستیی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەسەر پاڵنەری تاوانەکە، سەرچاوەی چەکی بەکارهاتوو و پێشینەی ئەگەریی هەڕەشە یان توندوتیژی دژ بە فریشتە یووسفزادە زەق دەکاتەوە.
هانا پێداگری دەکات کە مەرگی بکوژ، بەرپرسیارێتیی ناوەندە قەزایی و ئینتزامییەکان بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەم تاوانە هەڵناوەشێنێتەوە.
بچووککردنەوەی تاوانی کوژرانی ژنێک و سێ منداڵ بۆ کێشەی خێزانی، بەبێ بەدواداچوونی ورد بۆ بەڵگە و پێشینەکانی ڕووداوەکە، ناتوانێت جێگرەوەی لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر و سەربەخۆ بێت؛ بەتایبەت لە کاتێکدا کە ڕاپۆرتە بەردەوامەکان لەسەر توندوتیژیی کوشندە دژ بە ژنان و منداڵان، ناکارامەییی میکانیزمەکانی پێشگرتن و پاراستنی قوربانییانی توندوتیژیی خێزانیی کردووەتە پرسێکی جیددی.
