بە پێی ئەو زانیارییانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥، فەرامەرز ساعدی، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ئەم شارۆمەندە بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە شەقامێکی دێولان دەستبەسەر کراوە.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردن، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەرامەرز ساعدی ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسی ئەودا گرتووە.
شایانی باسە، تا ساتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.
