هادی عەباسیان یەکێک لە خۆپێشاندەرانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرا

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، «هادی عەباسیان»، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شیروان، لەلایەن دادگای شۆڕشی بوژنۆرد بە لەسێدارەدان سزا دراوە. ئەم بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەزبەر، لە ناو بەنـدیخانەی شیرواندا بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

هادی عەباسیان ڕۆژی ٢٣ی بانەمەڕ، لە گەڕەکی فەرهەنگشاری شیروان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا، بە بڵاوکردنەوەی چەندین ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، داوای لە خەڵک کردبوو بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا بکەن.

عەباسیان لە یەکەم ڕۆژی دەستبەسەرکردنیدا خرایە ژێر قورسترین ئەشکەنجە و بەهۆی تێکچوونی دۆخی جەستەییەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا. ناوبراو دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، بۆ بەنـدی شیروان گواستراوەتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لەوێدا ڕاگیراوە.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا چاویان پێی نەکەوتووە و ڕێگەی سەردانیان پێ نەدراوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە تەواوی قۆناغەکانی پێڕەوکردنی دۆسیەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دڵخوازی خۆی بێبەش کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی دادگاییکردن و ناوەڕۆکی تۆمەتە فەرمییەکانی دژی هادی عەباسیان لەبەردەستدا نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین